مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بە بۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی كوردی لە پەیامێكدا داوای گەڕانەوەی تیمی یەكێتی بۆ حكومەت دەكات.
سەرۆكوەزیران لە پەیامەكەیدا هیوایخواست كوردستانیان لە خۆشی و شادی و ئارامیدا، رۆژانی جەژن و پشوو بەسەرببەن.
داواشی لە هاونیشتیمانیان كرد، لە كاتی گەشت و سەیرانەكانیاندا، پاك و خاوێنی ژینگە و سروشتی جوانی كوردستان بپارێزن. هەروەها پابەندی رێنماییەكانی هاتووچۆ بن و دووربن لە تیژڕۆیی.
راشیگەیاند، جەژنی نەورۆز، هێمای یەكگرتن و یەكڕیزی و سەركەوتن و ئازادی گەلی كوردستانە، لەم بۆنەیەدا، “جەخت لە تەبایی و هاوهەڵوێستی خەڵكی كوردستان دەكەینەوە لەپێناو پاراستنی دەسكەوتە نیشتمانییەكان و داكۆكیكردن لە مافە دەستوورییەكانمان”.
مەسرور بارزانی، راشیگەیاند “هەر بەم بۆنەیەوە، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی و رەواندنەوەی نیگەرانییەكانی هاووڵاتییانی ئازیزمان و خوڵقاندنی كەشێكی ئەرێنی، داوا لە بەڕێزان جێگری سەرۆك وەزیران و تیمی وەزاری یەكێتیی نیشتمانی كوردستان دەكەمەوە، كە لە دوای كۆتاییهاتنی پشووەكانی نەورۆز، بگەڕێنەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی گشت كێشەكان لە شوێن و پێگەی فەرمیی خۆی، گفتوگۆی لەسەر بكرێت و بەیەكەوە، كاربكەین لە پێناو خزمەتكردنی زیاتری خەڵكی كوردستان و جێبەجێكردنی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان”.