قائیمقامی سلێمانی ڕایگەیاند “بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی كوردییەوە لە ناخی دڵمانەوە پیرۆزبایی لە كوردستانییان و دانیشتوانی شارە خۆشەویستەكەمان دەكەین، ئومێدەوارین ئەم بۆنە نەتەوەییەی ئەمساڵمان مایەی خۆشگوزەرانی و دڵخۆشی هەمووان بێت”.
ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەپەیامێكدا دەڵێت “پێمان وایە بەهۆی چالاكییە هونەری و كلتورییەكانەوە رۆژانی نەورۆزی ئەمساڵ جیاوازتردەبێت و هاوڵاتیانی شارەكەمان و گەشتیاران كاتەكانیان بەخۆشی بەڕێ دەكەن”.
دەشڵێت “جارێكیتر پیرۆزبایی لە كوردانی هەموو دونیا دەكەین و داگیرسانی مەشخەڵی ساڵی نوێ گڕوتینی خزمەتكردنمان جۆش دەداتەوە”.
لە شاری سلێمانی ماوەی چەند رۆژێكە رێوڕەسمەكانی نەورۆز دەستیانپێكردووە لە سازكردنی كۆنسێرت و پێشەنگای بازاڕكردن و چەندین چالاكی دیكە.
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ لە گردی مامەیارە، بناری گۆیژە، هەواری شار، شەقامی سالم و چەندین شوێنێكی دیكە ڕێوڕەسمی تایبەت بە جەژنی نەورۆز بەڕێوەبچن.