بەرپرسانی حزبە كوردییەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران (ڕۆژهەڵاتی كوردستان) دەڵێن، ئێران فشارەكانی بۆ سەر عێراق و هەرێمی كوردستان چڕكردۆتەوە بۆ چەككردنیان، جەخت لەسەر ئەوەدەكەنەوە، وێڕای پاراستنی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان، بەڵام ئامادە نین چەك دابنێن و دواتر “كوشت و بڕ” بكرێن.
خەلیل نادری، وتەبێژی پارتی ئازادی كوردستان بە (دەنگی ئەمریكا)ی ڕاگەیاند “ئێران بەردەوام فشار لە هەرێم و عێراق دەكات، تا هێزە كوردییەكانی ڕۆژهەڵات چەك بكرێن و وەكو پەنابەر لە كەمپێكدا كۆبكرێینەوە، تا كوشت و بڕ بكرێین”.
وتیشی، “هەرێم بەو داواكارییەی ئێران ڕازی نەبووە، چونكە ئێمە لە پێش ڕاپەرینەوە لە هەرێمین، ئێمە هەرگیز دەست لە چەك بەرنادەین، بەڵام موراعاتی دۆخی هەرێممان كردووە و هیچ جوڵەیەكی سەربازیمان لە هەرێمەوە ئەنجام نەداوە”.
ئەمڕۆ یەك شەمە، عەلی شەمخانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران سەردانی عێراقی كرد، دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراقدا، لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراقدا، ڕێككەوتنی ئەمنییان بۆ پاراستنی سنورەكانی نێوان هەردوو وڵات ئەنجامدا.
عەتا سەقزی، وتەبێژی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، بە (دەنگی ئەمریكا)ی وتووە، “یەكێك لە ئەجێندای سەردانەكەی عەلی شەمخانی بۆ عێراق، چەككردنی حزبە كوردییەكانی ئێران و كۆكردنەوەیانە لە كەمپدا”.
وتیشی، “ئێمە بەرژەوەندییەكانی هەرێم دەپارێزین، بەڵام تا ئێستا بەفەرمی باسی چەككردنمان لەگەڵ نەكراوە، گەر داوامان لێكرا، هەڵوێستی خۆمان دەردەبڕین”.
پێشتر بەرپرسانی ئەمنی و سەربازی ئێران، داوایان لە عێراق كردبوو ناوچە سنورییەكانی نێوان هەرێم و وڵاتەكەیان كۆنتڕۆڵ بكات، بە بیانووی دزەكردنی چەكداری سەر بە حزبە كوردییەكان لە هەرێمەوە بۆ نێو وڵاتەكەیان، بەڵام بەرپرسانی پارتە كوردییەكان بەكارهێنانی خاكی هەرێم بۆ هێرشكردنە سەر ئێران ڕەتدەكەنەوە.
حكومەتی عێراق بڕیاری دروستكردنی هێزێكی نوێی پاراستنی سنوری بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ناوچە سنورییەكانی نێوان ئێران و هەرێم داوە، بەڵام تا ئێستا هێزەكە بەفەرمی پێكنەهێنراوە و لەناوچە سنورییەكان دەست بەكارنەبووە.
خەلیل نادری، وتەبێژی پارتی ئازادی كوردستان ڕوونیكردەوە، لەگەڵ نزیكبوونەوە لە نەورۆز و فشارە نێودەوڵەتییەكانی سەر ئێران، تاران ترسی لە سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتی هەیە، بۆیە فشارەكانی بۆ سەر هێزە كوردییەكان دەستپێكردووەتەوە، وتی، “هەرێم داوای لە هێزە كوردییەكانی ڕۆژهەڵات كردووە، لە ناوچە سنورییەكان نەمێنن و جوڵەی سەربازی ئەنجام نەدەن”.
سەرباری خواستی ئێران بۆ چەككردنی حزبە كوردییەكانی ئێران، بەڵام هێشتا بەفەرمی لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە داوای چەك دانان لە حزبە كوردییەكان نەكراوە، بەڵام داوایان لێكراوە هێزەكانیان لە ناوچە سنورییەكان دووربخەنەوە و بەكاری نەهێنن بۆ هێرشكردنە سەر ئێران.
لە ساڵی ڕابردووشدا ئێران چەندین جار هێرشی كردە سەر بنكە و بارەگاكانی پارتە كوردییەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە ناو خاكی هەرێمی كوردستاندا ئەمەش وای كردووە مەترسییەكانیان لەبەرامبەر هێرشەكانی ئێران زیاتر ببێت.