شاندێكی باڵای ئەمنی كۆماری ئیسلامی ئێران بەسەرۆكایەتی شەمخانی گەیشتنە بەغدا و لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوە و ڕێككەوتنێكی ئەمنییان بۆ پاراستنی سنوورەكان واژۆ كرد.
نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ یەك شەممە محەمەد شیاع سودانی پێشوازی لە عەلی شەمخانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و شاندی یاوەری كردووە و گفتوگۆیان كردووە لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و بارودۆخی ئەمنی و سیاسی لە سەرتاسەری ناوچەکە و ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق هەڵوێستی جێگیری وڵاتەكەی دووپات کردەوە، کە دژی بەكارهێنانی خاكی عێراقە بۆ دەستدرێژی كردنە سەر هیچ وڵاتێكی دراوسێ و وتی، “بە هەموو شێوەیەك ڕەتی دەكەینەوە عێراق بكرێتە گۆڕەپانی بوونی هێزە چەكدارەكان یان بە ئامانج گرتنیان یان بۆ هەر پێشێلکاری سەروەری عێراق.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، پێشکەوتنەکانی ڕێککەوتنی لێکتێگەیشتنی ئەم دواییە، کە لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و شانشینی سعودیە ئەنجام درا، گفتوگۆی لەبارەوە كرا و سودانی جەختی كردۆتەوە، عێراق پێشوازی لەم ڕێککەوتنە دەكات و ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ دابینکردنی هەر شتێک، کە سەقامگیری لە ناوچەكە بەدی بهێنێت.
لای خۆشیەوە، شەمخانی سڵاوی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێرانی گەیاند، هەروەها دووپاتکردنەوەی خواستی ئێران بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، بۆ بەرژەوەندی دوو گەلی دۆست.
بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران، لێكتێگەیشتنی ئەمنی هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵات واژۆ کرا لەنێوان لایەنی عێراقی قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لایەنی ئێرانی عەلی شەمخانی، كە تێیدا جەختكراوەتەوە لە هەماهەنگی پاراستنی سنوورە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات و چەسپاندنی هاوکاری هاوبەش لە چەند بوارێکی ئەمنیدا.