فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویكردەوە، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە جدییەوە كار لەسەر دروستكردن و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمەكانی كوردستان دەكات لە وڵاتان، بۆ ئەمەش سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بەردەوام لە كۆڕ و كۆبوونەوە و كۆڕبەند و دیدارە سیاسی و ئابوورییەكانی دنیا بەشدارە و گفتوگۆ لەوبارەیەوە دەكات و هەر ئەو هەوڵانە بوون، كە هەنار وەك یەكەم بەرهەم هەناردە بكرێت و دواتریش سێوی بەرواری و ترێ و هەنگوینی بەدوادا هات.
دلاوەر ئاژگەیی، بەرپرسی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە یەكیەتی ئەوروپا، لە گفتوگۆیەكی لەگەڵ پێگەی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەم بارەوە باسی لەوە كرد، بابەتی هەناردەكردنی بەرهەمی ناوخۆ كاری باشی لەسەر كراوە و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە سەردانی بڕۆكسێلی كرد و لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی بەلجیكا و هۆڵەندا و بەرپرسانی هەرێمەكان كۆ بووەوه، یەكێك لە بابەتە گرنگەكان ئەوەبوو كە یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدەن لەبارەی بەبازاڕكردنی بەرهەمە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان لە ئەوروپا.
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی، ٢١٧ دیدار و گفتوگۆ و سەردان و پێشوازی هەبووە لەگەڵ سەرۆك و وەزیر و كەسایەتییە سیاسی و ئابوورییەكانی وڵاتان، بەتایبەت یەكێتی ئەوروپا، لە زۆرینەیان بەدەر لە باس و خواسی پرسە سیاسییەكان، بە جدییەوە باس لە فەراهەمكردنی بازاڕی جیهانی و وڵاتان بۆ بەرهەمەكانی جوتیارانی كوردستان كراوە.
بەرپرسی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە یەكێتی ئەوروپا، باسی لەوە كرد، “یەكێتیی ئەوروپا بازاڕێكی گەورە و كێبڕكێیەكی زۆری تێدایە، ئەگەر هەرێمی كوردستان بتوانێت ئەو دەرگایە بكاتەوە سوودێكی زۆر بە كەرتی كشتوكاڵ و داهاتی هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت، و بەرپرسانی یەكێتیی ئەوروپا بە خۆشحاڵییەوە ئەو بیرۆكەیان پێ باش بوو، چونكە دەیانەوێت زیاتر لەو ڕێگەیەوە یارمەتی هەرێمی كوردستان بدەن، بەڵام ئەمە پێویستی بە هەندێك ڕێكار هەیه، كە دەبێت لە ڕێگەی یەكێك لە وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا بكرێت، بۆ ئەوەی بەرهەمی ئێمە بگاتە بەلجیكا و هۆڵەندا، دواتر دەتوانرێت بۆ هەر ٢٧ وڵاتی یەكێتیی ئەوروپا هەناردەی بكەین”.
لە هەناردەكردنی بەهەرمی هەناردا، حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێككەوتنی لەگەڵ زنجیرە ماركێتە جیهانییەكان كرد بۆ ئەوەی ئەو بەرهەمەی جوتیاران بخاتە نێو بەرهەمە ئۆرگانیك و سروشتییەكانی خۆیەوە كە لە وڵاتان دەفرۆشرێن.
دكتۆر دلاوەر، لەم بارەوە باسی لەوە كرد، ئەوان هەر وەك دۆزینەوەی كۆمپانیا و ماركێتێكی جیهانی بۆ بەبازاڕكردنی هەنار، كاریان لەسەر بەرهەمی دیكە كردووە تا رێكبكەون بۆ ئەوەی بەرهەمەكانی كوردستان بە سەر بازاڕی وڵاتان دابەش بكەن “بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا شاندێك لە بەلجیكا بێن و لەسەر ئەوە دیراسە بكەن و تاقیگەیەك لە هەرێمی كوردستان دەستنیشان بكەن بۆ ئەوەی لەگەڵ تاقیگەیەكی بەلجیكا بە هاوبەشی كار بكەن، بۆ ئەوەی بە پێی ستانداردی ئەوروپی بڕوانامە بە بەرهەمەكانی هەرێمی كوردستان بدەن و دواتر هەناردەی بكەین و پێشبینی دەكەین لە ماوەیەكی زوودا بەرهەمەكانی هەرێمی كوردستان لە بازاڕەكانی ئەوروپا ببینین”.