سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژە بە دروستبوونی “كەشێكی ئەرێنی” دەكات لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و دەڵێت، هەنگاوەكانی ئێستای حكومەتی فیدراڵ مایەی ئومێدن.
بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە بڵاوكرایەوە”پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەولێر پێشوازی لە ماوریتزیۆ گرێگانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق كرد و لە دیدارەكەدا هەردوولا باسیان لە پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئیتاڵیا، پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا و گفتوگۆی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان كرد”.
هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە”لای خۆیەوە سەرۆكی هەرێمی كوردستان وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ پشتگیریی ئیتاڵیا لە عێراق و هەرێمی كوردستان، ئاشكرای كردووە، “كەشێكی ئەرێنی لەنێوان بەغدا و هەولێر بۆ چارەسەری كێشەكان دروستبووە.هەنگاوەكانی تائێستای حكومەتی فیدراڵیی عێراق مایەی ئومێد و “خۆشحاڵین”.
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: “بەغدا هاوبەشی سەرەكیی هەرێمی كوردستانە و جگە لە چارەسەركردنی كێشەكان، هیچ رێگەیەكی دیكە لەبەردەم حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقدا نییە.”
هەروەها باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق ڕایگەیاندووە “چارەسەركردنی كێشەكان هەولێر ـ بەغدا دەبێتە هۆی ئەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر ڕووی لە عێراق و هەرێمی كوردستان بێت و بواری سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنانی بیانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان زیاتر دەكات، لەبەشێكی تری دیدارەكەدا، باس لە كار و چالاكییەكانی ئیتاڵیا لە عێراق و هەرێمی كوردستان و دۆخی ناوچەكە بەگشتی و چەند پرسێكی جێی بایەخی هاوبەش كرا”، هەموو ئەمانە لە ڕاگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستاندا ئاماژەیان پێكراوە.