شەوی ڕابردوو بوومەلەرزەیەكی بەهێز ناوچەكانی هەردوو پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی هەژاند و خەڵكی ناوچەی گەرمیان و ڕۆژهەڵاتی كوردستان هەستیان پێ كرد و شارەزایەكی بوومەلەرزەزانی دەڵێت: “چەقی بوومەلەرزەكە عەنەب بووە”.
محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بوومەلەرزەكەی شەوی ڕابردوو لە کاتژمێر 9:31 خوولەکی شەو ڕوویدا بەگوڕی 5.1 ی ڕێختەر لەقوڵای 10 کیلۆمەتر لە ناخی زەوی.
ڕاشیگەیاند، ئەو بوومەلەرزەیە پارێزگای هەڵەبجه و پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیانی لەرزاندەوه و چەقی بوومەلەرزەکەش (عەنەب) بووه لە پارێزگای هەڵەبجه واتا لەخاکی هەرێم تۆمار کراوه.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی بەرزی پلەکەوه لە گەرمیان و سلێمانی هەستیپێکراوه.
ئاشكراشی كرد، لە 6ی3ی2023 لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا باسم لەوەکرد بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 4 یان 5 پله لەهەرێمی کوردسان ڕوودەدات و باسیشم لەوەکردبوو، كە ئەو بوومەلەرزانەی ڕوودەدەن دەکەونە نێوان ناوچە سنوورییەکانەوه هەروەک ئەوەی شەوی ڕابردوو لە عەنەب تۆمارکرا.
لای خۆشیەوە، ئاسۆ كەمال، بەڕێوەبەری كەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی ڕایگەیاندووە، لەدوای بوومەلەرزەكەی ئەمشەوەوە 12 پاشلەرزەی دیكە ڕوویانداوە، كە گوڕەكانیان لەنێوان 1.5 بۆ 2.5 پلەی ڕێختەر بوون و هاووڵاتیان هەستیان پێ نەكردووە.