دیدێ دیشامپ ڕاهێنەری فەرەنسا ڕایگەیاند، كیلیان مباپێ ئەستێرەی یانەی پاریس سان جێرمان كاندیدە بۆ بەستنی نیشانەی كاپتنی كەڵەشێرەكان.
ئەمڕۆ پێنج شەممە دیشامپ لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:”مباپێ یەكێكە لەو پاڵێوراوانەی دەبنە كاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا، بەڵام پێش ئەوەی بڕیار بدەین گفتوگۆ لەسەر یاریزانەكان دەكەین”.
بە وتەی ڕاهێنەرەكەی هەڵبژاردەی فەرەنسا:”بەستنی نیشانەی كاپتنی بەرپرسیارێتییەكی گەورەیە، هەروەها پابەندبوونی گرنگ بەسەر یاریزانەكەدا دەسەپێنێت، بەڵام من گفتوگۆیەكی ناوخۆییم پێ باشترە”.
دیشامپ دەڵێت:”ئادرین ڕابیۆ بە ئەزموونە و تایبەتمەندی سەركردایەتی هەیە، من باش دەیناسم، بەڵام نازانم چی لە مێشكیدا هەیە و دەیەوێت ببێتە كاپتن یان نا”.
دیشامپ لە كۆتایی قسەكانیدا وتی:”دەكرێت بەستنی نیشانەی كاپتنی لە نێوان یاریزانەكاندا بسوڕێتەوە، بەڵام پێم باشە سەركردە و جێگر هەبن و بژاردەكان ڕوونبن”.
هەڵبژاردەی فەرەنسا لە ئێستادا بێ كاپتنە دوای ئەوەی سێ یاریزان، “هوگۆ لۆریس و ستیڤ مانداندا و ڕافایل ڤاران” لەدوای بەشداریكردنیان لە مۆندیالی قەتەر، وازیان لە یاریی نێودەوڵەتی هێنا.
هەروەها یاریزانە بەئەزموونەكانی دیكە، وەك پۆڵ پۆگبا و نگۆلۆ كانتی یاریزانانی ناوەڕاست، بەهۆی پێكانەوە لە ڕیزەكانی هەڵبژاردەی فەرەنسادا ئامادە نین.