شارەزایەكی كەشناسی ڕایدەگەیەنێت ، ئاسمانی شارەكانی هەرێم بۆ سبەی سەقامگیر دەبێت لەكاتەكانی نیوەرۆ بۆ ئێوارە بەدیاری نەكراوی هەندێك ناوچە ئەگەری بارانی دەبێت، دەشڵێت،”هەفتەی داهاتوو شەپۆلێكی تاوە باران لەگەڵ چالاكبوونی هەورە بروسكە ڕوو لە ناوچەكە دەكاتەوە”.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی لە هەرێم رایگەیاند، سبەی هەینی ١٧-٣-٢٠٢٣ كەشی هەرێم سەقامگیر دەبێت و ئاسمانی ناوچەكە بەزۆری نیمچە هەور دەبێت وە لەكاتەكانی نیوەرۆ بۆ ئێوارە بەدیاری نەكراوی هەندێك ناوچە ئەگەری بارانی دەبێت.
ڕاشیگەیاندووە، كە پلەكانی گەرما بۆ سبەی بەڕاورد بە ئەمڕۆ ٤ تا ٥ پلە بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت ، خێرای با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت ١٠ – ٢٠كم/س لە ئاراستەی باشوری رۆژئاواوە .
ئاشكراشیكردووە، كە هەفتەی داهاتوو لە رۆژی یەكشەمەوە ١٩-٣-٢٠٢٣ بارانبارین لەناوچەكانمان دەستپێدەكاتەوە و تا ماوەی هەفتەیەك زیاتر بەردەوامی دەبێت، كە زیاتر تاوە باران دەبێت و بەزۆری لەكاتەكانی نیوەرۆ بۆ ئێوارە كەش دەرەخسێت بۆ چالاكبوونی هەورە بروسكە و دابارینی باران لەناوچەی جیاجیادا.