ئیحسان عەلی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی پێیوایە، ئەوان كە چوونەتە پەرلەمان كەس خێری پێ نەكردوون ڕەخنە لە هەندێك حزبیش دەگرێت و دەڵێت”ئەو حزبانەی ناوی خۆیان ناوە ئۆپۆزسیۆن سێ مانگ پێش ھەڵبژاردن دێنە دەرەوە و قسە بەحكومەت دەڵێن، بۆ ئەوەی ھەستی خەڵك بجوڵێنن”.
ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز، ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، لە حەوتەمین دیداری سلێمانی و لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند:” ئێمە كە چووینەتە پەرلەمان كەس خێری پێ نەكردووین، شتێكی یاساییە كە ئەوبرادەرانە دەستیان لەكاركێشاوەتەوە، پێش ھەموو شتێك ئێمە بە لیستێك چووینەتە ھەڵبژاردنەوە، دەنگەكانمان تێكەڵ بوون، هەروەها كەسیش زۆری لێنەكردوون تاوەكو دەست لەكاربكێشنەوە، بەڵام كە كشاونەتەوە ئێمەش مافی خۆمانە نوێنەرایەتی دەنگدەرانی خۆمان بكەین”.
بە وتەی ئیحسان عەلی:”ئەم حزبانە كە ناوی خۆیان ناوە ئۆپۆزسیۆن بەداخەوە، ھەمیشە عادەتیان وایە دوو مانگ یان سێ مانگ پێش ھەڵبژاردن دێنە دەرەوە و قسە بە حكومەت دەڵێن، بۆ ئەوەی ھەستی خەڵك بجوڵێنن، بەڵام ئێستا خەلك ھۆشیاربووەتەوە، باشە ئەنجوومەنی پارێزگا بەسەرچووە بۆ ناكشێنەوە، مدیر ناحیە و قائیمقامیان ھەیە بۆ ناكشێنەوە”.
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئیسلامی دەڵێت:”ئەوان لە تەمەنی خۆیان ھەمیشە لەگەڵ خەڵك بوون و، لە یەكەم ھەڵبژاردنی كوردستان بەشداربوون، لە پێناو بەرژەوەندی خەڵك پێیان لە ھەموو بەرژەوەندیەكانی خۆیان ناوە و، گووتویانە بۆ ئەوەی شەڕ نەبێت، گوتیشی “ھەموو مافێكی خۆمان لە دەست داوە كە ئەوكات یەكێك بووین لە ھێزە گەورەكانی كوردستان”.
ئیحسان عەلی جەخت لەسەر پێویستی هەڵبژاردن دەكاتەوە بۆ هەرێمی كوردستان و بە بۆچوونی ئەو:” لەبەر ئەوەی زۆرینەی دۆستەكانی كوردستان هەر لە نەتەوەیە كگرتووەكانەوە تا وڵاتانی دەرەوە، بۆ ئەوەی دڵخۆشبن دەبێت ئەو پرۆسە سیاسیە بەردەوام بێت و ئەنجام بدرێت”.