سەرۆكی خوولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان و سكاڵاكار لە دۆسیەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ دادبینی كرا و لە 29ی مانگیش جارێكی دیكە دادبینی دەكرێت و دەشڵێت: “ئامانجمان دەستەبەری ھەڵبژاردنی پاک و بێلایەن کردنی چەکە”.
د. یوسف محەمەد، سەرۆكی خوولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ ١٥/ ٣/ ٢٠٢٣ دانیشتتنێکی تری دادبینیی دادگای باڵای فیدڕاڵی سەبارەت بە دۆسییەی درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان و دەسەڵاتەکانی تری ھەرێم بەڕێوەچوو.
ڕوونیشی كردۆتەوە، دادگا جارێکی تر وتەی ئێمە و پارێزەرانی داوالەسەرکراوی وەرگرت. دواتر داوایەکی پارێزەرانی پەرلەمانی ڕەت کردەوە بۆ بەشداری پێکردنی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم لە پڕۆسەی دادبینی.
دەشڵێت: “بۆ وردبینیی زیاتری دۆسیەکە، دادگای باڵای فیدڕاڵی ڕۆژی ٢٩/ ٣/ ٢٠٢٣ی دیاری کرد بۆ دانیشتنی داھاتوو”.
جەختیشی كردۆتەوە، “ئامانجی ئێمە لە داوای (٢٤٨/ فیدڕاڵی/ ٢٠٢٢) تەنھا بە نادەستوری ناساندنی یاسای درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان نییە، بەڵکو جگە لەوە ئەخوازین بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەقی ڕوون لەخۆ بگرێ سەبارەت بە سەپاندنی پاکیی ھەڵبژاردن و بێلایەن کردنی ھێزە چەکدار و ئەمنی و ھەواڵگرییەکان و ئاسایی کردنەوەی دۆخی ھەرێم”.
ئاشكراشی كردووە، سەرباری بوونی فشاری زۆر لەسەر دادگای باڵای فیدڕاڵی، بەڵام ئومێدەوارین بڕیاری دادگا لە قازانجی خەڵک و پڕۆسەی دیموکراسیی ھەرێم بێ.