سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، ڕێگرییەكانی گرانبوونی نرخی نان و سەمون كۆتایی هاتووە و لە ڕاپۆرتێكدا داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەكەین، كە 8 نان و سەمون بكرێتەوە بە(هەزار دینار ) بەهەمان كێش و كوالێتی جاران.
ڕێكان جەمال، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە بەشێكی زۆر لە نانەواخانەوە و فڕنەكانی سەمون (8 نان یان سەمون) كراوەتەوە بە هەزار دینار، بەڵام هەندێكی دیكە ماوە.
وتیشی، “لە ڕێگەی ڕاپۆرتی لیژنە هاوبەشەكانەوە داوا لە قائیمقامیەتی سلێمانی دەكەین، لە ڕێگەی بڕیارێكەوە، 8 نان و سەمون بە فەرمی بكرێتەوە بە هەزار دینار بەهەمان كێش و كوالێتی جاران”.
ڕاشیگەیاند، لیژنەكانیان بەردەوام دەبن لە بەسەركردنەوەی شوێنە گشتییەكان بۆ چاودێری كردنی نرخ و كوالێتی شتومەك، تا هاووڵاتیان بەشێوەیەكی تەندروستتر بەكاریبهێنن، لەگەڵ ئەوەش كارمان لەسەر ڕێگری كردن لە گرانی نرخی بازاڕ كردووە و بەردەوامیش دەبین.
ئەمە لەكاتێكدایە، لە سنوری قائیمقامیەتی سلێمانی 34 لیژنە ڕۆژانە سەردانی شوێنە گشتی و بازاڕ و ماركێتەكان دەكەن بۆ چاودێری كردنی نرخ و كوالێتی كاڵا و خواردن و خواردەمەنی.