مونا قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێكهاتەكان لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیاندا لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، فرەبازنەیی هەڵبژاردنیان بۆ كورسی پێكهاتەكان رەتكردەوە و داوایانكرد بە یەك بازنە بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەن.
ئەمڕۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ نوێنەری پێكهاتەكانی هەرێم كۆبوەوە، بەمەبەستی وەرگرتنی دوایین بۆچونیان لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و جێكردنەوەی داواكارییەكانیان لە یاسای هەڵبژاردنەكان.
دوای كۆتایی هاتنی كۆبونەوەكە مونا قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان بە ڕۆژنامەوانانی ڕایگەیاند:”پێكهاتەكان فرەبازنەیی بۆ هەڵبژاردنی 11 كورسییەكەی پێكهاتەكان ڕەتدەكەنەوە و داوا دەكەن بۆ پێكهاتەكان هەرێمی كوردستان یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت”.
بە وتەی قەهوەچی:”وەك نوێنەری پێكهاتەكان لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، پشتیوانی لەو داواكارییەی پێكهاتەكان دەكەن و داواش لە فراكسیۆنە كوردستانییەكان دەكەن ئەو داوایەی پێكهاتەكان بەهەند وەربگرن و لە هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەماندا جێگەی بكرێتەوە”.