حكومەتی هەرێمی كوردستان، پاڵپشتیی پڕۆسەی هەڵبژاردن دەكات و وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ئاماژە بەوەدەكات، لەلایەن حكومەتەوە هەموو ئامادەكارییەك بۆ هەڵبژاردن كراوه، دوای دەستنیشانكردنی ڕۆژی هەڵبژاردنیش، ڕێوشوێنەكان دەگرینەبەر.
جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی بابەتی ئامادەكارییەكانی حكومەت بۆ هەڵبژاردن بە پێگەی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند: “هەموو ئامادەكارییەك بۆ هەڵبژاردن كراوه، وەكو پێداویستییەكانی بوودجە و ڕەخساندنی كەشێكی ئەرێنی و ئەمنیی پارێزراو”.
سەبارەت بە پشتگیریی دارایی حكومەت بۆ ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیە، د. جوتیار عادل ڕایگەیاند:”حكومەت ئامادەیە پاڵپشتی ئەو پڕۆسەیە بكات و هەر پێویستییەك هەبێت لەڕووی لۆجستی و دارایییەوە پشتگیریی دەكات”.
وتەبێژی حكومەتی هەرێم ئاماژەشی بەوەكرد:”دوای دەستنیشانكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن، ڕێوشوێنەكانی دیكە دەگیرێنە بەر”.
هاوكات پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان كۆدەبێتەوە و هەنگاوەكانی لەوبارەیەوە دەستپێدەكاتو سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیش رایگەیاند ئەمساڵ هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت.
رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، لەم هەفتە یان لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەكەین.
راشیگەیاند، ئەمساڵ هەڵبژاردن دەكرێت.
ئاشكراشیكرد، ئەمڕۆ دوو شەممە كۆبوونەوەی دەستەی سەرۆكایەتی و فراكسیۆنەكان وەك كۆبوونەوەیەكی راوێژكاریی سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت.
راشیگەیاند راوبۆچوونی پێكهاتەكان وەردەگیرێت بە ئامانجی نزیككردنەوەی لایەنەكان لە یەكدی.