حزبی شیوعی كوردستان ڕێككەوتی پێنج لایەنی سیاسی لەسەر ناوەڕۆك و شێوازی هەڵبژاردن و كۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ڕەتدەكەنەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئەم ڕێككەوتنە بەهەمان عەقڵیەتی قۆرخكردن و فەرزكردنی ئیرادەی چەند حزبێكی سیاسی كراوە و دوورە لە ڕەهەندی نیشتمانی.
سوبحی مەهدی، وتەبێژی كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، ئێمە وەك حزبی شیوعی كوردستان ئەم ڕێككەوتنە پێنج قۆڵییەی كراوە ڕەتدەكەینەوە، چونكە بەهەمان عەقڵیەتی قۆرخكردن و فەرزكردنی ئیرادەی چەند حزبێكی سیاسی كراوە و دوورە لە ڕەهەندی نیشتمانی و هیچ بنەمایەكی ڕەخساندنی بەشدارییەكی مانادارانەی بۆ هەموولایەنەكان تێدانییە .
دەشڵێت: “ئەم جۆرە لە كاركردن و هەڵبژاردنیش هەرێمی كوردستان لە دۆخی قەیرانی هەمەلایەنەی سیاسی و ئابووری و غیابی بەشداری سیاسی ڕاستەقینە دەرباز ناكات، بۆیە پێویستە هەڵبژاردن لەسەر بنەمای گەڕانەوە بۆ ئیرادەی خەڵك بێت دوور لە پێوەری بەرژەوەندی تەسكی حزبی بێت”.
ڕاگەیەنراوی ڕۆژنامەوانی:
لە بارەی رێكەوتی پێنج لایەنی سیاسی لەسەر ناوەرۆك و شێوازی هەڵبژاردن و كۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، وتەبێژی حزبی شیوعی كوردستان لێدوانێكی رۆژنامەوانی بڵاو دەكاتەوە.
ئێمە وەك حزبی شیوعی كوردستان ئەم رێككەوتنە پێنج قۆڵییەی كراوە رەتدەكەینەوە، چونكە بەهەمان عەقڵیەتی قۆرخكردن و فەرزكردنی ئیرادەی چەند حزبێكی سیاسی كراوە و دوورە لە ڕەهەندی نیشتمانی و هیچ بنەمایەكی ڕەخساندنی بەشدارییەكی مانادارانەی بۆ هەموولایەنەكان، تێدانییە .
دووپاتی دەكەینەوە ئەم جۆرە لە كاركردن و هەڵبژاردنیش هەرێمی كوردستان لە دۆخی قەیرانی هەمەلایەنەی سیاسی و ئابوری و غیابی بەشداری سیاسی راستەقینە دەرباز ناكات .
جەخت دەكەینەوە پێویستە هەڵبژاردن لەسەر بنەمای گەرانەوە بۆ ئیرادەی خەڵك بێت دوور لە پێوەری بەرژەوەندی تەسكی حزبی بێت و زەمانەتی هەڵبژاردنێكی پاك و كۆمیسۆنێكی سەربەخۆو پیشەیی بكرێت و رێگا بە هیچ لایەنێكی سیاسی نەدرێت دارایی و موڵكی گشتی بۆ بەرژەوەندی حزبی لە هەڵبژاردنەكان، بەكار بهێنرێت .
ئێمە لەگەڵ ئەوەداین هەرێمی كوردستان یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت و دووربێت لە عقڵیەتی لۆكاڵی و دابەشكردنی كوردستان لەسەر بنەمای زۆن و ناوچەی حزبی و خێڵەكی .
بۆ زامنكردنی نوێنەرایەتییەكی راستەقینەی كۆتاكان، پێویستە تۆماری دەنگدەرانیان بە شێوەیەك رێك بخرێتەوە، كە دەنگدان بۆ كۆتاكان بۆ ئەهلی كۆتاكان بێت.
سوبحی مەهدی وتەبێژی كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان
12ی ئایاری 2023.