بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، شەپۆلێكی باران بارینی بەخوڕ و هەورەتریشقە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و ئەگەری ڕوودانی لافاو لە چەند ناوچەیەك هەیە.
سیروان ساڵح، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەهۆی هاتنی شەپۆلێكی بارانی بەخوڕ بۆ ناوچەكەمان پێویستە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و موسڵ لە ئێستاوە ئامادەکاری بکەن بۆ ئەگەری ڕوودانی لافاو لە ماوەی نێوان ئێوارەی چوار شەممە تا ئێوارەی پێنج شەممەی ئەم هەفتەیە.
ڕاشیگەیاند، بەپێی هەموو ئەگەرەکان لە ناوەندی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و موسڵ و شارۆچکە و گوندەکانی دەورووبەریان ئەگەری بارانی زۆر و لافاو هەیە.
ئەمە لەكاتێكدایە، هەفتەی ڕابردوو شەپۆلێكی باران بارینی بەخوڕ ناوچەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیانی گرتەوە و بەهۆیەوە لافاو لە چەندین ناوچە دروست بوو، هاوكات چەندین بەنداو سەرڕێژیان كرد و مەترسی وشكەساڵی ڕەواندەوە و زیاتر لە 100 ملم باران لە زۆربەی شوێنەكان باری.