كاندیدی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ وەزیری پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت ، بۆیە بەشداری كۆبوونەوەی نێوان وەفدی هەرێم و وەزیری بەرگری ئەمریكای كردووە، چونكە دانیشتنەكە گرنگ و پەیوەندیدار بووە بە هێزی پێشمەرگەوە و بانگهێشتكراوە.
رێباز بیركۆتی، كاندیدی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ وەزیری پێشمەرگە بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاندووە، سەرباری ئەوەی لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە هێشتا متمانەی پێنەدراوە، تا وەك وەزیری پێشمەرگە دەست بەكار بێت، بەڵام بۆیە بەشداری كۆبوونەوەی نێوان وەفدی هەرێم و وەزیری بەرگری ئەمریكای كردووە، چونكە دانیشتنەكە گرنگ و پەیوەندیدار بووە بە هێزی پێشمەرگەوە و بانگهێشتكراوە.
ڕایگەیاندووە، كە ئەمریكا لەشەڕی داعش پشتیوانێكی بەهێزی هەرێم و هێزی پێشمەرگە بوو، ئەوان هەمیشە لە پەیوەندیدان لەگەڵ هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە، كە وەك وەزارەتێكی گرنگی دەبینن، من لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە بانگهێشتكرام، بەو پێیەی سیفەتی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانیشی هەیە، هەروەها سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی حكومەتیش لەسەر خەت بوون، ئەوان داوایانكرد وەزیری پێشمەرگە بەشداری بكات بۆیە ئێمەش بەشداریمان كرد.
ئاشكراشیكردووە، كە هیچ وادەیەك لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە دیاری نەكراوە بۆ دەنگدان لەسەر گۆڕانكارییە وەزارییەكان، بەڵام گەر لایەنەكان لەسەر مەسەلەی هەڵبژاردن بگەنە ئەنجام، ڕەنگە بەم نزیكانە دانیشتنی پەرلەمان بۆ گۆڕانكارییە وەزارییەكان ئەنجام بدرێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، هەفتەی ڕابردوو لوید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریكا لە شاری هەولێر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم و ژمارەیەك بەرپرسی باڵای هەرێم دا كۆبوویەوە، كە تێیدا رێباز بیركۆتی، وەك كاندید بۆ پۆستی وەزیری پێشمەرگە بەشداربوو، ئەمەش لەسەر ئاستی هەرێم هەڵای لێكەوتەوە، بەو پێیەی هێشتا ناوبراو لەلایەن پەرلەمانەوە متمانەی پێنەدراوە.