ئەمڕۆ 53 ساڵ بەسەر ڕێککەوتنی 11ی ئادار تێدەپەڕێت



 

ئەمڕۆ 11ی ئادار، ماوەی 53 ساڵ بەسەر ڕێككەوتننامەی 11ی ئاداری 1970دا تێدەپەڕێت، كە بە ڕێككەوتنێكی مێژوویی بۆ گەلی كوردستان دادەنرێت، كە لەنێوان شۆڕشی كورد و حكومەتی ئەو كاتەی عێراق واژۆ كرا و بەشێكی خواستەكانی شۆڕش و گەلی كوردستانی تێدا هاتبووە دی بۆ پێدانی ئۆتۆنۆمی و دانپێدانان بە مافەكانی كورد لەچوارچیوەی عێراقدا.

ڕێككەوتننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەلا مستەفا بارزانی و حزبی بەعس واژۆ كرا، بریتیبوو لە پێشەكیەك و ٢٢ بڕگە، كە ١٥یان ئاشكرا و ٧یان نھێنی بوون و ھەموویان پێكەوە دۆكۆمێنتێكی گرنگیان پێكئەھێنا بۆ چەسپاندنی مافەكانی گەلی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا.

ڕۆژی ١٠ی ئاداری ١٩٧٠ سەدام و بارزانی لە چۆمان ڕێکكەوتن و بڕیاردرا ڕۆژی دواتر لە شاری بەغدا ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکەیان ئاشکرا بکرێ. بۆیە ئەم ڕێککەوتنە بە “بەیاننامەی ١١ی ئادار” ناوی دەرکرد و ڕێككەوتننامەكە ھەنگاوێكی گرنگ بوو بۆ چەسپاندنی مافی میللەتی كوردستان لە ئۆتۆنۆمی لەناو عێراقدا و زیاتر پێشخستنی كێشەی كورد لە ناوچەكە و دەرەوە.

ڕێككەوتنی ١١ی ئادار بەرھەمی شۆڕشی ئەیلول بوو، كە هەموو گەلی كوردستان خاوەندارێتی دەكرد و كێشەی كوردی بردە قۆناغێكی نوێ‌ و بووە بناغەیەك بۆ ئاشتی لە عێراقدا، بەڵام جێبەجێ نەكرا و ڕژێمی بەعسی هەڵوەشاوە خۆی لێ‌ دزییەوە و لەدوای خۆڕێكخستنەوەی دووبارە لە ساڵی ١٩٧٤ ڕێككەوتنەكەی پێشێل كرد و دەستی بە شەڕ كردەوە و دواتر لە پیلان و گەلەكۆمەكەیەكی نێودەوڵەتیدا لە جەزائیر لە ساڵی 1975 شۆڕشی گەلی كوردستانیان دامرداندەوە و دەستكەوتەكانی شۆڕشەكەیان لەناوبرد.

دوژمنە راستەوخۆکانی ئەو ڕێککەوتنە هەریەکە لە شای ئێران، تورکیا و سوریابوون. ئەوان لەبەر هەبوونی کورد لە وڵاتەکانی خۆیاندا، نەیاندەویست کورد لە عێراق ئەو مافانەی پێ بدرێ.

ئەحمەد حەسەن بەکر، سەرۆک کۆماری ئەو كاتەی عێراق و سەدامی جێگری، چەندجارێک ئاماژەیان بەوەداوە، کە ئەو وڵاتانە ئاگاداریان کردوونەتەوە لەو سەرکێشیەی کردوویانە لەگەڵ کورد و داوای پاشگەزبوونەوەیان لێکردوون. تەنانەت هەڕەشەشیان کردووە، کە ئەگەر بەیاننامەی ١١ی ئادار سەربگرێ بە پەیوەندییەکانیاندا دەچنەوە.

ڕێككەوتننامەكە‌ لە 15 خاڵ پێكهاتبوو، لە گرنگترین خاڵەكانی، داننان بوو بە مافی ئۆتۆنۆمی بۆ باشووری كوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا زمانی كوردی لە خوێندنگەكان بخوێندرێت، ئەوە یەكەمین جاربوو حكومەتی عێراقی بە فەرمی ئەو مافانە بە گەلی كوردستان بدات.

گرنگترین خاڵەكانی ڕێككەوتننامەی 11ی ئادار بریتیی بوون لەئەمانە:

1- پرسی كورد لە دەستووری كاتی عێراقدا و ھاوشێوەی نەتەوەی عەرەب دان بە نەتەوەی كورددا بنرێت.

2- گەلی عێراق لە دوو نەتەوەی سەرەكی پێكدێت، نەتەوەی عەرەب و نەتەوەی كورد، لە چوارچێوەی یەكێتی عێراق.

3- داندەنێ بە مافی نەتەوەیی گەلی كورد و هەموو كەمایەتییەكانی دیكە.

4- زمانی كوردی هاوتای زمانی عەرەبی زمانی فەرمی بێت لەو ناوچانەی، كە زۆربەی دانیشتوانیان كوردن و زمانی خوێندن و فێركردنیان دەبێت.

5- دەبێت جێگرێكی سەرۆك كۆمار كورد بێت.

6- گەلی كورد بە رێژەی دانیشتوانی بەشداری لە دەسەڵاتی یاساداناندا دەكات.

7- ئۆتۆنۆمی بۆ كورد.

8- بەشداریكردنی كورد لە دەسەڵات و جیاوازی نەكردن لە فەرمانی گشتی و وەزارەت و سوپادا.

9- ئەنجامدانی سەرژمێری بۆ ناوچەكانی ئۆتۆنۆمی.

10- گەڕاندنەوەی ئەو خوێندكارانەی لە خوێندنگەكانیان دەركراون یاخود بەھۆی توندوتیژی لە ناوچەكەكانیان ناچاربوون واز لە خوێندن بهێنن.

11- زمانی كوردی لە ئێزگە و تەلەفزیۆنەكانی حكومەت و پەخشی بەرنامەكاندا گرنگی پێبدرێت.

12- قبوڵكردنی خوێندكاری كورد لە زانكۆ و كۆلێژەكان و پێدانی زەمالەی خوێندن بە یەكسانی لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات.

13- بەرپرس و فەرمانبەرەكان لەو یەكە كارگێڕییانەی، كە بەشی زۆریان كوردن، دەبێ كورد بن، یان لەو كەسانە بن كە كوردی باش دەزانن.

14- گەڕاندنەوەی كوردان بۆ زێدی خۆیان و ئەو شوێنانەی، كە پێشتر لێی ژیاون.

15- پەلەكردن لە پیادەكردن و هەمواركردنەوەی یاسای چاكسازی كشتوكاڵ لە كوردستان و نەهێشتنی دەرەبەگایەتی، بۆ ئەوەی جوتیارانیش پارچە زەویی گونجاویان پێبدرێت.

رٍێككەوتننامەی 11ی‌ ئادار دەستكەوتێكی گرنگی گەلی كوردستان بوو لە شۆڕشی ئەیلوولدا، ڕێككەوتنێك بوو بەهۆی خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلی كوردستان لەپێناو مافە ڕەواكانیدا، هەر ئەو ڕێككەوتنەش بووە بەڵگەنامەیەكی یاسایی و مێژوویی و بەردی بناغەی هەموو ئەو دەسكەوتانەی گەلی كوردستان دوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 بەدەستی هێنان و دواتریش لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003 و دروستكردنەوەی عێراقی نوێ‌ و بەشداری كورد تیایدا و پەسەند كردنی دەستوور لە ساڵی 2005 هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێكی دانپێدانراوی فەرمی لەچوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵیدا چەسپێنرا.

 

تویتەر لە زۆربەی وڵاتان ڕاوەستا
پێت تویتەر لە زۆربەی وڵاتان ڕاوەستا
بەغدا، كەسێك دەستگیركرا بازرگانی بە مرۆڤەوە دەكرد
دوات بەغدا، كەسێك دەستگیركرا بازرگانی بە مرۆڤەوە دەكرد
پەیوەنیدر