پشووی بەهار و نەورۆزی خوێندكاران و مامۆستایان لە هەرێمی كوردستان دەستی پێكرد و حكومەتی هەرێمیش ڕایدەگەیەنێت، كە پشووەكە فەرمانبەران ناگریتەوە.
بەپێی خشتەی پشووەكانی حكومەتی هەرێم و كارنامەی ساڵی خوێندنی 2022- 2023ی وەزارەتی پەروەردە، لە ئەمڕۆوە 11ی ئادار، پشووی بەهارەی ناوەندەكانی خوێندن دەستپێدەكات و تاوەكو 24ی مانگ بەردەوام دەبێت و ڕۆژی شەممە 25ی ئادار دەوام دەستپێدەكاتەوە.
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ئەمساڵ پشووی بەهارەی ناوەندەكانی خوێندن وەك خۆیەتی و هیچ گۆڕانكارییەك ڕووی نەداوە.
لای خۆشیەوە، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكدا سەبارەت بە ڕۆژانی پشووی وەرزی بەهار ڕایگەیاند، پشووەكە سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن دەگرێتەوە و لە 11ی ئادار دەست پێ دەكات تا 24ی ئادار، ڕۆژی شەممە 25ی ئادار، پڕۆسەی خوێندن دەست پێ دەكاتەوە.
جەختیشی كردۆتەوە، كە ئەو پشووە فەرمانبەران ناگرێتەوە.