ئەندامێكی پێشووی پەڕلەمانی عیراق باسی بێ هەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپا دەكات لە كاتی ئەنفال و كیمیابارانی هەڵەبجە، كە كۆمپانیاكانی بەلجیكاو فرەنساو ئەڵمانیا كەرەستەی كیمیاییان بە عیراق فرۆشتوەو هیچ هەڵوێستی نەبووە .
سالار مەحمود، ئەندامی پێشووی پەڕلەمانی عیراق لەمیانەی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی لەپەرلەمانی ئەوروپا بابەتێكی پێشكەش كردووە و رەخنەی توندی ئاراستەی یەكێتی ئەوروپا كردووە، كە چاوپۆشی لە تاوانەكانی توركیا دەرحەق بەخەڵكی رۆژئاوای كوردستان و ھەرێمی كوردستان دەكات.
هاوكات باسی بێ ھەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپی كردووە لە كاتی ئەنفال و كیمیابارانی ھەڵەبجە، نەك ھەر ئەوە بەڵكو كۆمپانیاكانی بەلجیكاو فرەنساو ئەڵمانیا كەرەستەی كیمیاییان بە عیراق فرۆشتوەو دواتر وەك چەكی كیمیایی لە كۆمەڵكوژی خەڵكی كوردستان لە تاوانی ئەنفال و كیمیابارانی هەڵەبجە بەكارھێنرا.
ڕاشیگەیاندووە، كە لە دۆسیەی ھەڵەبجە لەدادگای باڵای تاوانەكان لە ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٠ لیستی ناوی كۆمپانیاكان و جۆری تەقەمەنی و كەرەستەكان دیكۆمێنت كران و وەك بەڵگە خرانەروو، كە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی راستكردنەوەی ھەڵەكان ھێشتا لە ئەستۆی كۆمەڵی نێودەوڵەتیە بەتایبەتیش یەكێتی ئەوروپا.
هەر لەو كۆنفرانسەدا باسی لە سەد ساڵەی پەیماننامەی لۆزان كردووە، كە چ كاولكاری و كۆمەڵكوژیەكی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دروست كردووە.
كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی لەپەرلەمانی ئەوروپا لە رۆژانی ٨و ٩ ی ٢٠٢٣/٣ بەستراو و چەندین كەسایەتی جیھانی و ئەندام پەرلەمانی ئەوروپایی بەشداریان كرد و لەلایەن پارتی سۆسیالدیموكرات و پارتی سەوز و چەپەكانی ناو پەرلەمانی ئەوروپا كۆنفرانسەكە رێكخرابوو تایبەت بە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و مەسەلەی كورد.