بەهای لیرەی توركی دابەزینێكی پێوانەیی نوێی تۆماركرد و گەیشتە 18.9620 بەرامبەر بە دۆلار، ئەمەش لەكاتێكدایە كە وەبەرهێنەران كاریگەریی ئابووری بومەلەرزە گەورەكەی مانگی ڕابردوو لە وڵاتەكەدا تاوتوێ دەكەن.
هەڵبژاردنە سەرۆكایەتی و پەرلیەمانییەكەی توركیاش كە وابڕیارە لە 14ی ئایاری داهاتوو سازبكرێت، هێندەی تر گومانی لای وەبەرهێنەران دروستكردووە كە دەیانەوێت بزانن ئەنقەرە بەردەوام دەبێت لەسەر سیاسەتەكانی سەرۆك ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، یان گۆڕانكاریی دەكرێت وەك ئۆپۆزسیۆن بەڵێنیداوە.
هەر لەو چوارچێوەدا وەزارەتی خەزێنەی توركیا ڕایگەیاند، 2.25 ملیار دۆلاری قەرز كردووە كە دەبێت لە 2029دا بیداتەوە، بەوشێوەیە بڕی قەرزكراو لە بازاڕە نێودەوڵەتییەكان لەمساڵدا دەگاتە 5 ملیار دۆلار.
سێ شەممەی ڕابردوو نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاندبوو، ئەو بومەلەرزە وێرانكەرەی توركیا و سوریای گرتەوە لە شەشی شوباتی ڕابردوو، زیانەكانی تەنیا لە توركیادا 100 ملیار دۆلاریان تێپەڕاندووە.