بەڕێوەبەری كۆمپانیای خۆراك لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بە نوسراو داوامان كردووە، هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكەی عیراق هەرێمیش بێ بەش نەكرێت لەو هاوكارییەی حكومەت بۆ كەمدەرامەتان پشتیوانی دەكات، كە نرخی هێلكە و مریشك بە پاڵپشتی “مەدعوم” دەدرێت بە هاووڵاتیانی هەژار.
شەوكەت محەمەد، بەڕێوەبەری كۆمپانیای خۆراك لە سلێمانی لەلێدوانێكدا بە”خەڵك”ی ڕاگەیاند، لە عیراق ماوەیەكە حكومەت هاوكاری (دعم فقرا) پشتیوانی هەژاران، دەكات بەوەی نرخی شتومەك بە كەمتر لە نرخی بازار دەفرۆشێت، لەوانە تەبەقێك هێلكە لە بازار بە پێنج هەزار بێت ئەوان بە چوار هەزار دەیدەنە هەژاران و مریشكیش بەو شێوەیە.
وتیشی،”ئەو پڕۆژەیە بۆ هەرێم كاری پێ ناكات و تەنها ماددەكانی بەشە خۆراك ڕەوانەی هەرێم دەكرێت،لەپارێزگاكانی عیراق لە ڕێگەی پاڵپشتی هەژاران (دعم فقرا) زۆر خواردن بە كەمتر لە نرخی بازار دەدرێت بە هەژاران و كەمدەرامەتان لای ئێمە ئەمە نیە”.
ڕاشیگەیاند، لە ڕێگەی وەزارەتی بازرگانی هەرێمەوە نوسراومان ئاڕاستەی وەزارەتی بازرگانی عیراق كردووە، كە بڕیارە ئێمە بەشێكین لە عیراق پێویستە ئەو پاڵپشتیەش هەرێم بگرێتەوە، وەڵامیان ئەوە بووە، كە لەگەڵ وەزیری بازرگانی عیراق لەوبارەیەەوە قسە دەكەن و هێشتا وەڵاممان نەدراوەتەوە .