دەزگای كەشناسی و بومەلەرزەزانی عیراق، پێشبینی كەشوهەوا دەكات بۆ چەند ڕۆژی داهاتوو، بەپێی پێشبینییەكانیش لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا بارانبارین دەستپێدەكاتەوە.
بەپێی خشتەیەك كە لەلایەن دەزگای كەشناسی و بومەلەرزەزانی عیراقەوە بڵاوكرایەوە”لە یەك شەممە و دوو شەممەی داهاتوو بارانبارین دەستپێدەكاتەوە و چەند ناوچەیەكی وڵات دەگرێتەوە”.
كەشناسی عیراقی پێشبینی دەكات، لە یەك شەممەی داهاتوودا لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان نیمچە هەور بێت و نمە بارانیش لە چەند ناوچەیەكدا ببارێت، لە ڕۆژی دوو شەممە بە هەمان شێوە ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و نمە باران لە ناوچە جیاجیاكان دەبارێت، لە هەندێك ناوچەشدا بارانی مامناوەند و بەلێزمە دەبارێت.
لە دوێنێوە شەپۆلێكی بارانبارین چەند ناوچەیەكی كوردستانی گرتووەتەوە و ڕێژەیەكی زۆری باران لەو ناوچانەدا باریوە، بۆ خۆلادان لە مەترسییەكانی لافا و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان، پەروەردەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆیان كردە پشوو.