ڕۆیتەرز: بوومەلەرزەلێدراوان دەڵێن ئەردۆغان بەدەمیانەوە نەچووە
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا دەیتوانی لە ماوەی ڕابردوودا پشت بە پشتیوانیی بەهێزی بەشێكى دەنگدەرانی گوند و شارۆچكەكانی دیكەی سەرانسەری باكووری كوردستان ببەستێت، بەڵام بوومەلەرزە گەورەكەی مانگی ڕابردوو و شێوازی وەڵامدانەوەی حكومەت وایكردووە پشتیوانی دڵسۆزەكانی بە ناڕوونی بمێنێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئاماژەگەلێك هەن كە پارتی داد و گەشەپێدان زیاتر ئاگاداری ئەوە دەبێت كە ناتوانێت دەنگەكانی ڕابردوو بە شتێكی ئاسایی وەربگرێت، لە كاتێكدا بەرپرسان باس لە خێراكردنی پلانەكانی ئاوەدانكردنەوە دەكەن بەر لە هەڵبژاردنەكانی مانگی 5 ی ئەمساڵ، كە ڕەنگە سەختترین پلانی ئەردۆغان یەكلاییبكاتەوە كە زیاتر لە بیست ساڵە دەسەڵاتی ئەردۆغان باڵادەستە”.
شۆفێرێكی بارهەڵگر لە شاری سیگدەمتەپە دەڵێت “بەدڵنیاییەوە بوومەلەرزەكە بۆچوونمان دەگۆڕێت، چونكە وەڵامدەرەوەی سەرەتایی و دابینكردنی چادر و شوێنی مانەوە بۆ لێقەوماوان زۆر دواكەوتن “.
بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی ڕاپرسی لە ناوچەكەدا، ئەستەمە دیاریكردنی ئەوەی كە ئەردۆغان ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەكی گەورە دەبێتەوە یان نا، بەڵام شارەزایان دەڵێن ئەوانەی زیانیان بەركەوتووە بەهۆی بوومەلەرزەكەوە دەتوانن بە خێرایی ڕای خۆیان بگۆڕن.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی توركیا لە 14ی مانگی پێنج ئەنجام بدرێت و ئۆپۆزسیۆنی توركیاش كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) ی وەكو كاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن بۆ سەرۆكایەتی هەڵبژارد.