پرسی هەڵبژاردن جارێكی دیكە یەكێتی و پارتی كۆدەكاتەوە و بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەو كۆبوونەوەیە لەنێوان دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە شاری هەولێر ئەنجام بدرێت.
بەپێی زانیارییەكان، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە شاری هەولێر، هەردوو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی كۆدەبنەوە.
ڕۆژی 28\2\2023 ئەو دوو حزبە لەسەر پرسی هەڵبژاردن كۆبوونەوە، هاوار محەمەد، بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی بۆ میدیای حزبەكەی ڕایگەیاندووە، “لە كۆبوونەوەی پێشووی نێوان هەردوو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەكێتی زۆربەی كێشەكان چارەسەركراون و لەسەر ئەو خاڵانە ڕێككەوتووین كە بەربەست بوون لەبەردەم ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردن، تەنیا یەك خاڵ ماوە لەنێوان پارتی و یەكێتی ڕێككەوتنی لەسەر بكرێت ئەویش پەیوەستە بە كورسی كۆتاكان”.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، لە چەند ڕۆژی رابردوودا دووجار كۆبوونەوەی نێوان دەزگاكانی هەڵبژاردنی پارتی و یەكێتی دواخرا.
ئەوە لەكاتێكدایە، لە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆی ئەنجام نەدرا و تەمەنی پەڕلەمانی كوردستانیش بۆ ماوەی ساڵێك و دوو مانگ درێژكرایەوە، بەرپرسانیش جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەكەنەوە لە ئەمساڵدا، چەند ڕۆژێك بەر لە ئێستا سەرۆكی هەرێمی كوردستان باسی لە ئەوە كرد كە دەبێت ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و ئەو وەك سەرۆكی هەرێم ڕۆژێك دیاریی بكات.