وەزیری بەرگری ئەمریكا گەیشتە بەغدا



 

ئەمڕۆ سێشەممە وەزیری بەرگری ئەمریكا لوێد ئۆستن بەسەردانێكی ڕانەگەیەندراو و كتوپڕ گەیشتە شاری بەغدای پایتەختی عێراق.

بەپێی زانیارییەكان، ئۆستن لەبەغدا لەگەڵ گەورە كاربەدەستانی عێراق كۆدەبێتەوە و لەبارەی چەند پرسێكەوە گفتووگۆ دەكەن.

هاوكات بڕیارە ئەمڕۆ وەزیری بەرگری ئەمریكا بگاتە هەرێمی كوردستان و لەگەڵ گەورە كاربەدەستانی هەرێمی كوردستانیشدا كۆببێتەوە.

وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە لێدوانێکدا ئامانجی سەردانەکەی بۆ بەغدا خستووەتەڕوو و رایگەیاندووە ئامانج لە سەردانەکەی بۆ بەغدا، جەختکردنەوەیە لەسەر ھاوبەشی ستراتیجیی نێوان ئەمریکا و عێراق.

دوێنێ دووشەممە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند ئۆستن گەشتێک بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دەدات لە میانیدا دڵنیایی ئەوە بە وڵاتانی ناوچەکە دەدات کە واشنتۆن رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی لەبیرنەکردووە و لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە.

لەئێستادا، دوو ھەزار سەربازیی ئەمریکا لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش بۆ راوێژ و مەشق پێکردن بە ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بنکەی حەریر سەربە پارێزگای ھەولێر و بنکەی عەین ئەسەد سەربە پارێزگای ئەنبار جێگیرکراون.

بەپێی زانیارییەکان، ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٤وە تا ئێستا، یەک ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ مەشقپێکردنی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان تەرخانکردووە، ھەروەھا دوو ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلاریشی بۆ باشترکردنی رەوشی مرۆیی پێشکەش بە عێراق و ھەرێمی کوردستان کردووە.

سەردانەكەی وەزیری بەرگری ئەمریكا، هاوكاتی سەردانە كتوپڕ و ڕانەگەیەندراوەكەی سەرۆكی ئەركانی گشتی سووپای ئەمریكا مارك مەیلییە بۆ ئیسرائیل و ڕۆژئاوای كوردستان.

سەردانەكەی مەیلی بۆ ڕۆژئاوای كوردستان كاردانەوەی هەردوو دەوڵەتی توركیا و سووریای بەدواداهات، بەجۆرێك ئەنقەرە بانگێشتی باڵیۆزی ئەمریكای كرد و وەزارەتی دەرەوەی سووریاش بە تووندی سەركۆنەی سەردانەكەی كرد.

لە سەردانەكەیدا بۆ ئیسرائیل مەیلی لەگەڵ كاربەدەستانی سەربازی ئیسرائیل باسیان لەكاری پێكەوەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵەكانی ئێران بۆ گەیشتن بە چەكی ئەتۆمی كردبوو.

مەیلی لە لێدوانێكدا لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕایگەیاند سەردانەكەی پەیوەندی بە بابەتی ئاسایشی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانیەوە هەیە.

ئاماژەی بەوەشكردبوو هێزەكانی هاوپەیمانان و سووریای دیموكرات لە تێكشكاندنی تیرۆرستانی داعشدا سەركەوتوو بوون.

هەروەها مەیلی لە چۆنێتی و ئاستی بەرگری هێزەكانی هاوپەیمانانی لە ڕۆژئاوای كوردستان لە هەر هێرشێكی دووژمنكارانە كۆڵیبووەوە.

 

 

لە هەولێر خۆپیشاندانە
پێت لە هەولێر خۆپیشاندانە
مەیلی توركیاشی هێنایە دەنگ
دوات مەیلی توركیاشی هێنایە دەنگ
پەیوەنیدر