دوای ئەسەد، ئەردۆغانیش لە سەردانەكەی مارك بۆ ڕۆژئاوای كوردستان تووڕەیی دەربڕی
سەردانە كتوپڕەكەی سەرۆكی ئەركانی سووپای ئەمریكا مارك مەیلی بۆ ڕۆژئاوای كوردستان هەردوو دەوڵەتی سووریا و توركیای نیگەرانكردووە.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دەرەوەی توركیا ڕایگەیاند، بانگێشتی باڵیۆزی ئەمریكا لە توركیا جێڤ فلەیك كراوە بۆ داواكردنی ڕوونكردنەوە و پێدانی ناڕەزایەتیی لەبەرامبەر سەردانی كاربەدەستێكی باڵای سەربازی ئەمریكا بۆ ڕۆژئاوای كوردستان.
ڕۆژی ڕابردوو ئاژانسی دەنگوباسی فەڕمی سانای سووریا لە زاری سەرچاوەیەكی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەیەوە ڕایگەیاند، سەردانەكەی مەیلی بۆ باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا نایاسایی و پێشێلكرانی یاسا نێودەوڵەتییەكانە، داوای لە ئەمریكا كرد بە زوویی ئەو پێشێلكارییانە ڕابگرێت.
سەرچاوەكە، بەتووندی سەركۆنەی سەردانەكەی مەیلی كرد و دەڵێت: سەرۆكی ئەركانی گشتی سووپای ئەمریكا سەردانێكی نایاسایی بۆ بنكەیەكی سەربازی نایاسایی لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا كردووە، ئەوە پێشێلكرانی ئاشكرای سەروەری خاكی سووریایە.
ئاماژەی بەوەشكرد هێزەكانی ئەمریكا سامانی سووریاییەكان لە نەوت و گەنم بەبەردەوامی دەدزن، لە ماوەی نۆ ڕۆژی ڕابردوودا 150 تانكە نەوتی سووریایان بردووە.
سەرچاوەكە داواشی لە ئەمریكا كردووە كۆتایی بە پشتیوانی گرووپە سەربەخۆخوازەكان بهێنێت و هاوكات پێشێلكاری یاسا نێودەوڵەتییەكان ڕابگرێت.
سەرۆكی ئەركانی سووپای ئەمریكا مارك مەیلی ڕۆژی شەممە بنكە سەربازییەكانی وڵاتەكەی لە ڕۆژئاوای كوردستان بەسەركردەوە و لە چۆنێتی ئامادەیی ئەو هێزانەی بۆ پێشگرتن بە هێرشە دووژمنكارییەكان كۆڵییەوە.
مەیلی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “هێزەكانی ئەمریكا و هێزە هاوبەشەكانیان لەهێزەكانی سووریای دیموكرات كە زۆرینە كورد پێكیدەهێنن، لە شكستهێنانی هەمیشەیی داعشدا سەركەوتوو بوون”.
ناوبراو سەردانە كتوپڕەكەی بەستەوە بە گرینگی ئاسایشی ئەمریكا و هاوپەیمانەكان لە ناوچەكەدا.
ڕۆژی هەینی ڕابردوو ئەو فەرماندە باڵایەی ئەمریكا سەردانی ئیسرائیلی كردبوو، لەوێ لەگەڵ وەزیری بەرگری ئیسرائیلدا كۆببووەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا تاووتوێی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران و چۆنێتی ڕێگریكردنیان كردبوو.