حەلەبی سووریا هێمای وێرانکاری و دووبەرەکییە لەو وڵاتەدا، لەکاتێکدا، کە زۆرترین زیانی بومەلەرزەکەی مانگی شوباتی بەرکەوتووە، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتییش حکومەتی سووریا و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن تۆمەتبار دەکات بەوەی ڕێگرییان لە زیاتر لە 100 بارهەڵگری فریاگوزاری کردووە بۆ چوونە ناو ناوچە زیانلێکەوتووەکانی حەلەب.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی ئاماژەی بەوەداوە، پارێزگای حەلەب بەسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت و هێزە کوردییەکان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنی چەکدار دابەشبووە، ئەمەش بووەتە هۆی بەربەست لە گەیشتنی وەک پێویستی هاوکارییەکان.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە، حکومەتی سووریا و ئۆپۆزسیۆنی چەکداری سەر بە تورکیا ڕێگرییان لە چوونە ژوورەوەی زیاتر لە ١٠٠ بارهەڵگر کردووە، کە هاوکاری مرۆیییان گواستووەتەوە بۆ دوو ناوچەی پارێزگای حەلەب.
ئاماژەی بەوەشکراوە، حکومەتی سووریا ڕێگری لە ١٠٠ بارهەڵگر کە خۆراک و پێداویستیی پزیشکی و خێمەی هەڵگرتبوو بچنە ناو ئەو ناوچانەی کە زۆرینەی کوردن لە شاری حەلەب.
لە باکووری شارەکەش هێزە ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکان ڕێگرییانکردووە لە چوونە ژوورەوەی ٣٠ بارهەڵگری دیکە کە سووتەمەنی و هاوکاریی هەمەجۆریان هەڵگرتبوو بۆ عفرین، کە ناوچەیەکە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتەدایە لە دوای داگیرکردنی لە ساڵی ٢٠١٨.
ئایا مەجزوب، جێگری بەڕێوەبەری ناوچەیی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا دەڵێت: ” پاڵنەری سیاسی لەبەردەم یارمەتییە زۆر پێویستەکاندا کاردانەوەی کارەساتباریان هەیە، بەتایبەتی بۆ تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاری کە پێویستیان بە سووتەمەنی هەیە بۆ کارپێکردنی ئامێرەکان.”
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە هەموو لایەنەکان دڵنیابن لەوەی کە هاووڵاتیانی مەدەنی “بەبێ سنووردارکردن دەستیان بە یارمەتییەکان بگات”.
نەتەوە یەکگرتووەکان و گروپە فریاگوزارییەکانی دیکەش ڕەخنەیان لە گروپە چەکدارە توندڕەوەکانی ئۆپۆزسیۆن لە باکووری سووریا گرتووە کە ڕێگری لە گەیشتنی هاوکارییەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت دەکەن.
لای خۆیەوە لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور، هۆشداری دا لە مەترسی داڕمانی تۆڕی ئاو لە سەرتاسەری پارێزگای حەلەب و مەترسی دزەکردنی ئاوی پیسبوو بۆ نێو ئاوی خواردنەوە و هۆشداریشی دا لە “ئەگەری داڕمان”.
فابریزیۆ کاربۆنی، بەڕێوەبەری ناوچەیی IRC بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نزیک وتی: ئەگەری لێکەوتەی جددی تەندروستی گشتی لەئاستێکی بەرزی مەترسیداردایە.
هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، تێدرۆس ئەدهانۆم گبریسوس، چوارشەممەی ڕابردوو، لە دڵی ئەو ناوچانەی کە لەلایەن هێزە جیهادییەکان و شەڕکەرەکانی ئیدلبەوە کۆنترۆڵکراون، پەیوەندی کردبوو بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی پێشکەش بەو هاووڵاتیانە بکات کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا، و وتی: “دانیشتووانی باکووری ڕۆژئاوای سووریا پێویستیان بە یارمەتی لەڕادەبەدەر هەیە”.
بوومەلەرزەکەی مانگی ڕابردوو، وێرانکارییەکی بەرفراوانی لە پارێزگاکانی حەلەب لە(باکوور)، ئیدلب لە(باکوری ڕۆژئاوا)، حەما لە(ناوەند)، لازقیە و تەرتووس لە(ڕۆژئاوا) لێکەوتووەتەوە، لەکاتێکدا نزیکەی ١٢ ساڵە ململانێی وێرانکەر هەڕەشەی بەردەوامی سەر ژیانی نیو ملیۆن هاووڵاتیی سوورییە، بەتایبەت کە نیوەی دانیشتووانەکەی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات ئاوارە بوون.
بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ٨ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کەس لە سووریا بەهۆی بوومەلەرزەکانی ئەم دواییە زیانیان بەرکەوتووە، تا ئێستاش زۆربەی هاوکارییەکان لە ڕێگەی سێ دەروازەی سنوورییەوە لەگەڵ تورکیای دراوسێی سووریا دەگەنە ناوچەکانی ژێر دەستی ئۆپۆزسیۆن، کە دوو لەو دەروازانە بە ڕەزامەندی بەشار ئەسەد کراونەتەوە.
ڕۆژی هەینی، بانکی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، بوومەلەرزەکەی سووریا بە گوڕی ٧.٨ پلە و پاشلەرزە زۆرەکانی کە باکووری سووریای گرتەوە، زیانەکانی بە ٥.١ ملیار دۆلار مەزەندە کرد.
بانکی نێودەوڵەتی دان بەوەدا دەنێت کە ڕەنگە ئەم خەمڵاندنە کۆتایی نەبێت بەهۆی نەبوونی زانیاری لەسەر دۆخەکە لەواقیعی حاڵدا، ئاماژە بەوەش دەکات کە هەڵسەنگاندنەکە لە نێوان ٢.٧ ملیار دۆلارەوە بۆ ٧.٩ ملیار دۆلارە.
بەیاننامەیەکی بانکی نێودەوڵەتیش ئاماژە بەوە دەکات کە نیوەی زیانەکان لە پارێزگای حەلەب چڕبوونەتەوە.