ركابەرە بەهێزەكەی ئەردۆغان دیاریكرا



كەمال كلیچدار ئۆغلۆ بە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دیاریكرا

شەوی ڕابردوو دواجار هاوپەیمانی میللەت سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری جەهەپە كەمال كلیچدار ئۆغلۆی وەك بەربژێری شەشی پارتی ئۆپۆزسیۆن راگەیاند كە بەمێزی شەش قۆڵی ناسراون، ئەوەش دوای یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكانی چەند رۆژی رابردوویان، بەوپێیەش ئۆغلۆ دەبێتە ڕكابەرێكی بەهێزی بەربژێری هاوپەیمانی جمهوری دەسەڵات ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا و سەرۆكی ئاكپارتی.

بەپێی زۆرینەی راپرسییەكان، هاوپەیمانی میللەت لە پێش هاوپەیمانی جمهورەوەیە، خاڵی كۆتاییی یەكلاكەرەوەش بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەكان لای هەدەپە و هاوپەیمانی رەنج و ئازادییە.

كاندیدی هاوپەیمانیی میللەت بۆ سەرۆكایەتی كۆماری توركیا و سەرۆكی گشتیی جەهەپە، كەمال كلیچدارئۆغڵو رایگەیاند: “من تەنها كاندیدێكی سەرۆككۆمار نیم، بەڵكو كاندیدی خۆشگوزەرانی و دادپەروەریم. لەپێناو سەرلەنوێ بینینەوەی خەندەكان كاندیدم، بۆ بردنەوەی زیاتر لە هەڵبژاردنێك كاندیدم”.

دوای ئەوەی كەمال كلیچدارئۆغڵو وەك كاندیدی هاوپەیمانیی میللەت كە لە شەش پارت پێكهاتووە، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار راگەیەندرا، چووە ناوەندی گشتیی جەهەپە.

لەوێ كلچدارئۆغڵو گوتارێكی پێشكەشی ئەو كەسانە كرد كە لەبەردەم ناوەندی گشتیی پارتەكە كۆببوونەوە و ئاماژەی بەوەكرد لەگەڵ هەریەك لە سەرۆكی گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ، ئەكرەم ئیمامئۆغڵو و سەرۆكی گەورەشارەوانی ئەنقەرە، مەنسور یاڤاش رێگایەكیان گرتووە.

كاندیدی هاوپەیمانیی میللەت بۆ سەرۆكایەتی كۆماری توركیا هیوای خواست ئەو رێگایەی گرتوویانە رووناك بێت و رایگەیاند: “لە شەوێكی جوانداین. لە شەوێكداین كە شەوی بەراتە. دەمانەوێت لە خۆشگوزەرانیدا پێكەوە بژین. ئەمڕۆ وەك نوێنەری گۆڕانكارییەك لەبەرامبەر ئێوەدام، وەك گوتەبێژی رەنجی ماوەیەكی بەرفراوان و عەقڵێكی هاوبەش لەگەڵتاندام”.

كەمال كلیچدارئۆغڵو ئاماژەی بەوەكرد خۆی و هاوپەیمانیی میللەت كاندیدن بۆ ئەوەی توركیا لەرێگەی عەقڵ، پاكی و شایستەبوونەوە بەڕێوەبەرن و رایگەیاند: “من كاندیدم بۆ ئەوەی دڵەكان ببەمەوە، نیگەرانییەكان بڕەوێنمەوە، ترسەكان تێبپەڕێنم، زیزبووەكان ئاشت بكەمەوە و بەرەكەت بخەمەوە سەر خوانەكان، بەڵام نەك تەنها من، هەموو هاووڵاتییانم، هەركەس كە دەچێت دەنگ بدات، كاندیدە بۆ ئەوەی ئەم وڵاتەكە بكاتە شوێنێك كە شایستەی ژیانی بێت. من لە رێگایەكی دوورەوە هاتووم. بە درێژایی رێگاكە، هەگبەكەم لە چیرۆكی كەسایەتییە جوانەكانی ئەم وڵاتە پڕكردووە. رەنگ و رووی ئەوان، دەنگ و حەسرەتەكانیان بووە قیبلەنمای من. من ئێستا لەگەڵ ئەواندا كاندیدم. دەمانەوێت ئەو دۆخە بگۆڕین كە ناویان ناوە قەدەر”.

هاوپەیمانی میللەت لەشەش پارتی ئۆپۆزسیۆن پێكهاتووە:
-پارتی گەلی كۆماری جەهەپە بەسەرۆكایەتی كەمال كلیچدار ئۆغلۆ.
-پارتی دیموكراتی و پێشكەوتن بە سەرۆكایەتی عەلی باباجان.
-پارتی دیموكرات بە سەرۆكایەتی چولتكین ئۆساڵ.
-پارتی سەعادەت بە سەرۆكایەتی تەمەل كرەموڵا ئۆغلۆ.
پارتی ئایندە بە سەرۆكایەتی ئەحمەد داود ئۆغلۆ.
– ئی پارتی بە سەرۆكایەتی میراڵ ئاكشنەر.

لە نەخشەڕێگای هاوپەیمانیی میللەت بۆ قۆناغی راگوزەر بەرەو سیستمی پەرلەمانیی توركیا هاتووە:

– لە پرۆسەی راگوزەردا سەرۆكی گشتیی ئەو پارتانەی لە نێو هاوپەیمانی گەلدان دەبنە جێگرانی سەرۆككۆمار.

– هەریەك لە سەرۆكی گەورەشارەوانییەكانی ئیستانبوڵ و ئەنقەرە، لە كاتێكدا كە سەرۆككۆمار بە گونجاوی بزانێت و لە ئەركێكدا كە پێناسەكرابێت، وەك جێگری سەرۆككۆمار دادەمەزرێنرێن.

– سەرۆككۆمار لە هەریەك لە پرسەكانی نوێكردنەوەی هەڵبژاردن، راگەیاندنی باری نائاسایی، سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانیی، بڕیارەكانی سەرۆكایەتی كۆمار، بڕیارنامەكان و كردارەكانی پەیوەست بە رێكخستنی گشتیی و دامەزراندنی ئەو كەسانەی لە پۆستی باڵادان، بە سازان لەگەڵ سەرۆكی گشتیی پارتەكانی نێو هاوپەیمانیی میللەت، بڕیار دەدات.

– میكانیزمگەلێكی هەماهەنگی پێكدەهێنرێت بۆ ئەوەی چالاكییەكانی یاسادانان لە میانی قۆناغی راگوزەردا بە هاریكاریی بەڕێوەبچن. لەگەڵ كۆتاییهاتنی قۆناغی راگوزەر بۆ سیستمی پەرلەمانیی بەهێزكراو، ئەندامێتیی سەرۆككۆمار لە هەر پارتێكی سیاسییدا، ئەگەر هەیبێت، كۆتاییدێت.

لەو راگەیەندراوەی لە دوای كۆبوونەوەی هاوپەیمانی میللەت كە بە ئامادەبوونی سەرۆكی گشتیی ئەو شەش پارتەی پێكیدەهێنن و سەرۆكی گشتیی جەهەپە، كەمال كلیچدارئۆغڵو وەكو بەربژێر بۆ سەرۆكایەتی كۆمار دەستنیشانكرا، هاتووە: “لە پرۆسەی راگوزەردا سەرۆكی گشتیی ئەو پارتانە لە نێو هاوپەیمانی گەلدان دەبنە جێگرانی سەركۆمار”.

كۆبوونەوەی هاوپەیمانی میللەت كە بە میواندارێتی سەرۆكی گشتیی پارتی سەعادەت، تەمەل كارامۆڵڵائۆغڵو بەڕێوەچوو و پێنج كاتژمێری خایاند.

دوای كۆبوونەوەكە سەرۆكی گشتیی پارتەكان سڵاویان لە لایەنگرانیان كرد كە لە بەردەم ناوەندی گشتیی پارتی سەعادەت چاوەڕوانیان دەكردن.

دوای راگەیاندنی كەمال كلیچدارئۆغڵو وەك كاندیدی هاوبەش، دەقی “نەخشەڕێگای هاوپەیمانیی میللەت بۆ قۆناغی راگوزەر بەرەو سیستمی پەرلەمانیی” كە لەلایەن سەرۆكی گشتیی هەر شەش پارتەكەوە واژووكراوە و لە ١٢ ماددە پێكهاتووە، بڵاوكرایەوە.

لە دەقەكەدا هاتووە:”پرۆسەی راگوزەر سەرۆكی گشتیی ئەو پارتانەی بەشدارن لە هاوپەیمانی میللەت دەبنە جێگرانی سەرۆككۆمار و دابەشكردنی وەزارەتەكان بە پێی ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەیە كە پارتەكانی هاوپەیمانێتییەكە لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان بەدەستیدەهێنن”.

ئاماژە بەوەشكراوە “ئۆفیسەكان و دامەزراوەكانی نێو پێكهاتەی سەرۆكایەتی كۆمار كە هاوتەریب لەگەڵ وەزارەتەكان درووستكراون، هەڵدەوەشێنرێنەوە. دانان و لەسەركارلادانی وەزیرەكان، لەگەڵ سەرۆكی گشتیی ئەو پارتە سیاسییەی ئەندامن تێیدا، بە سازان لەلایەن سەرۆككۆمارەوە ئەنجامدەدرێت. لە قۆناغی راگوزەردا سەرۆككۆمار، دەسەڵاتی جێبەجێكردن و ئەركەكەی لەسەر بنەمای عەقڵییەتی بەشدارییپێكردن، راوێژ و سازان بەكاردەهێنێت. لە كابینەی سەرۆكایەتیدا (جێگرانی سەرۆككۆمار و وەزیرەكان) دابەشكردنی دەسەڵات و ئەركەكان، لەرێگەی بڕیارنامە لەلایەن سەرۆككۆمارەوە دیاریی دەكرێت كە لە چوارچێوەی دەستوور و یاساكاندا دەردەكرێت. سەرۆككۆمار لە هەریەك لە پرسەكانی نوێكردنەوەی هەڵبژاردن، راگەیاندنی باری نائاسایی، سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانیی، بڕیارەكانی سەرۆكایەتی كۆمار، بڕیارنامەكان و كردارەكانی پەیوەست بە رێكخستنی گشتیی و دامەزراندنی ئەو كەسانەی لە پۆستی باڵادان، بە سازان لەگەڵ سەرۆكی گشتیی پارتەكانی نێو هاوپەیمانیی میللەت، بڕیار دەدات”.

هەروەها لە دەقەكەدا هاتووە:”وەك سەرۆكی گشتیی ئەو پارتانەی هاوپەیمانیی میللەت پێكدەهێنین، كاندیدی هاوبەشمان لە هەڵبژاردنەكانی خولی ٢٨هەمینی پەرلەمان و ١٣هەمین سەرۆككۆماردا كە لە ساڵی ٢٠٢٣دا بەڕێوەدەچێت، كەمال كلچدارئۆغڵوە. بەهیوای ئەوەی ببێتە مایەی خێر و بەرەكەت بۆ وڵات و گەلەكەمان”.

 

لە هێرشێكدا هەشت كەس كوژران
پێت لە هێرشێكدا هەشت كەس كوژران
ژنە كوردێكی بەندكراو لە زیندان گیانی لەدەستدا
دوات ژنە كوردێكی بەندكراو لە زیندان گیانی لەدەستدا
پەیوەنیدر