وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەفتەی داهاتوو دەست دەكەن بە دابەشكردنی بەشەخۆراکی مانگی ڕەمەزان لە سەرجەم پارێزگاکان و بۆ ئەوەش كاتی دەوام تاوەكو 5ی عەسر زیادكراوە و دەشڵێت: “4 كۆمەڵگەی بەبازاڕكردنیان لە بەغدا و 2 پارێزگای دیكە كردۆتەوە بۆ فرۆشتنی ماددەكانی خۆراك بە نرخی هەرزان”.
محەممەد حەنوون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە ڕۆژنامەی (الصباح)ی فەرمی عێراقی ڕاگەیاند، هەفتەی داهاتوو بەشەخۆراکی مانگی ڕەمەزان لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دابەش دەکەن، هەر بۆ هەمان مەبەست سەرجەم بریکارەکانی خۆراک ئاگادار کراونەتەوە کە کاتی کارکردنیان تاوەکو کاتژمێر 5:00ی ئێوارە درێژ بکەنەوە.”
ڕاشیگەیاندووە، پێش هاتنی مانگی ڕەمەزان 4 كۆمەڵگەی بە بازاڕكردنی ماددەكانی خۆراك لە بەغدا و دوو پارێزگا (زیقار و میسان) دەكەنەوە بۆ فرۆشتنی خۆراك بە نرخی پاڵپشتی كراو بە هاووڵاتیان.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بەدواداچوون بۆ ناوەندەکانی فرۆشتن و ئاشەكان دەكرێت بۆ چاودێری كردنی بەرهەمهێنانی ئارد و پشکنینی جۆرە بەرهەم هێنراوەکانی سایلۆ و ڕێکارەکانی پشکنینی دانەوێڵە.