هەرێمی كوردستان قوربانییەكی گەورەی ڕێككەوتنەكە بوو
ڕێَككەوتننامەی جەزائیر لەنێوان هەردوو ڕژێمی پێشووی عێراق و ئێراندا لە دژی كورد لە باشووری كوردستان لە جەزائیر مۆركرا، ڕێككەوتنێك شكستی بە گەورەترین شۆڕشی چەكداری كورد لە باشووری كوردستان هێنا، لەدەرئەنجامی هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنەکە و بەرپابوونی جەنگی ئێران و عێراق جارێكی دیكە هەرێمی كوردستان بووەوە قووربانی.
لە 6ی ئاداری ساڵی 1975 دا لەنێوان سەدام حوسێن جێگری سەرۆك كۆماری عێراق لەو كاتەدا و محەمەد ڕەزا پەهلەوی شای ئەوكاتی ئێراندا بە سەرپەرشتی هواری بومیدین سەرۆكی ئەو كاتی جەزائیر ڕێككەوتنێك مۆركرا.
ناوەرۆكی ڕێككەوتنەكە بریتی بوو لە دیاریكردنی سنووری نێوان دوو وڵاتەكە لە باشووری عێراق بە ڕازیبوونی عێراق بە پێدانی بەشێك لە خاكەكەی كە ئێران بە مافی خۆی دەزانی لەبەرامبەر ڕاگیرانی پشتیوانییەكانی تاران بۆ شۆڕشی ئەیلوولی باشووری كوردستان.
لە دەرئەنجامی ئەو ڕێككەوتنە و ڕاگیرانی پشتیوانییەكانی تاران بۆ شۆڕشی ئەیلول لە باشووری كوردستان، شۆڕشەكە شكستیهێنا و خۆی دا بە دەستەوە.
لە ساڵی 1980 دوای هاتنەسەركاری سەدام حوسێن وەك سەرۆك كۆماری عێراق و شكستهێنانی شۆڕشی ئەیلوول و ڕووخانی محەمەد ڕەزا شا و هاتنەسەركاری كۆماری ئیسلامی ئێران بە ڕێبەرایەتی خومەینی، بەغدا لە ڕێككەوتنەكە پاشگەزبووەوە و هەڵیوەشاندەوە.
لە دەرئەنجامدا جەنگی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق سەریهەڵدا، جەنگێكی خوێناوی كە هەزاران كەسی تێدا بووە قووربانی و زیانێكی زۆری مادییشی لە هەردوو وڵاتدا، هەرێمی كوردستان قووربانییەكی گەورەی ئەو جەنگە بووە لە دیارترینیش كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە و شەهیدبوونی پێنج هەزار كەس بوو.