باڵەخانەیەكی شەش نهۆمی لە پارێزگای شانڵی ئورفا لە باكووری كوردستان داڕووخا و تیمە پەیوەندیدارەكانیش ڕەوانەی ناوچەكە كران.
بەپێی هەواڵی میدیاكانی توركیا، باڵەخانەیەكی شەش نهۆمی لە شارۆچكەی هالیلییە سەر بە پارێزگای شانڵی ئورفا، كە بەهۆی ئەو بوومەلەرزانەی 6ی شوبات لە قەهرەمان مەڕەش ڕوویان دا و ١١ پارێزگای توركیایان گرتەوە، زیانی بەركەوتبوو، داڕووخا.
تیمەكانی سەرۆكایەتی بەرێوەبردنی كارەسات و دۆخە لەناكاوەكان (ئافاد)، ئاگركوژێنەوە، تەندروستی و هێزە ئەمنییەكان ڕەوانەی ناوچەكە كران.
كارەكانی گەڕان و ڕزگاركردن لەژێر داروپەردووی داڕووخاوی باڵەخانەكەدا بەردەوامن و ژمارەیەك كەسیش بە برینداری دەرهێندراونەتەوە.