بانکی ناوەندی عێراق ڕایدەگەیەنێت، “بەردەوامە لە دەستپێشخەرییەکەی بۆ پاڵپشتی كردنی دارایی بۆ کڕینی یەکەکانی نیشتەجێبوون”، كە لە ڕێگەی پێدانی قەرز یان هەژماركردنی 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار بۆ ئەو كەسانەی یەكەی نیشتەجێبوون دەكڕن یان قیستەكان دەدەنەوە.
بانكی ناوەندی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، داواکارییەکانی ئەو هاووڵاتیانەی دەیانەوێت یەکەکانی نیشتەجێبوون بکڕن لە ڕێگەی پێدانی قەرزی خانووبەرەوە دابین دەكات.
ئاماژەی بەوەشكردووە، هەموو ئەو داواکاریانەی پێشتر پێشکەش كراون بەو بانکانەی دەستپێشخەرییەكە دەیانگرێتەوە و هەروەها سندوقی نیشتەجێکردنی عێراق، پارەكەیان پێ دەدرێت بەپێی ڕێككارە ڕاگەیەنراوەكان.
دوابەدوای دابەزاندنی بەهای ئاڵوگۆڕكردنی دۆلار لە 146 هەزار دینارەوە بۆ 132 هەزار دینار لەلایەن بانكی ناوەندی و حكومەتی عێراقەوە، بڕیار دراوە ئەو هاووڵاتیانەی یەكەی نیشتەجێبوون دەكڕن لە بانك قەرزی نیشتەجێبوونیان پێ بدرێت یان دۆلاریان بە نرخی فەرمی بۆ هەژمار بكرێت.