كۆمیتەی ناوەندیی پارتی ڕاگەیەنراوێك بڵاودەكاتەوە



كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، سوورن لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراودائەنجام بدریـَت و سەرۆكی هەرێمیش بەگوێرەی یاسا ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاری بكات، دەشڵێت،”لەژێر رۆشنایی بڕیاری پێشوویان بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لە پەیوەندییەكان لەگەڵ لایەنەكان پرۆسەكە پەرەی پێ دەدرێت”.

كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاویكردەوە، كە ئەمڕۆ پێنج شەممە 2ی ئاداری 2023، بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی، كۆمیتەی ناوەندیی پارتی كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا و كۆبوونەوە پشتیوانی بۆ سەرۆك وەزیرانی عیراق و كابینەكەی دووپاتكردەوە و چاوەڕوانی جێبەجێكردنی ناوەرۆكی رێككەوتنەكان و بڕگە و خاڵەكانی كارنامە پەسەندكراوەكەن.

راگەیاندراوی كۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان
ئەمڕۆ، پێنج شەممە 2ی ئاداری 2023، بە سەرپەرشتی سەرۆك مەسعود بارزانی، كۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا.
كۆبوونەوە، دوای ساتێك وەستان و نواندنی رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی كوردستان سەروەریان بارزانی نەمر و كاك ئیدریسی هەمیشە لەیاد، بەگوێرەی خشتەی ئامادەكراو ئەو تەوەرانەی خوارەوەی تاوتوێی كرد و، بڕیار پێویست سەبارەت بە چەند بابەتێك وەرگیرا:
– بابەتی پرۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانمان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی، پارتیمان بەگوێرەی رێككەوتنێكی سیاسی بە هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بەشداری پێكهێنانی كابینەی بەڕێز محەمەد شیاع سودانی كردووە و، بە سازان كارنامەیەكی هاوبەش ئامادەكراوە كە ویست و بۆچوونی لایەنەكانی بەشدار لە كابینەی نوێی بە ڕوونی تێیدا رەنگی داوەتەوە، كۆبوونەوە پشتیوانی بۆ سەرۆك وەزیران و كابینەكەی دووپاتكردەوە و، چاوەڕوانی جێبەجێكردنی ناوەرۆكی رێككەوتنەكان و بڕگە و خاڵەكانی كارنامە پەسەندكراوەكەین، بۆ ئەم مەبەستەش لایەنە پەیوەندیدارەكان راسپێردران بۆ بەدواداچوون و لەبەرچاوگرتنی ئەو كاتەی بۆ جێبەجێكردنی دیاریكراوە.
– بابەتی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ لایەنەكانی بەشدار لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، گۆڕانكاری و ڕووداوەكانی ناوچەكە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی پێویستی بە هەڵوەستەكردن و لێكدانەوەی سیاسی جدین، بۆیە لەلایەن سەرۆك بارزانی و پارتیمان بەردەوام هەڵسەنگاندن بۆ ئەو بابەتانە دەكرێت، كە بەشێك لەم گۆڕانكاری و ڕووداوانە راستەوخۆ یان نا ڕاستەوخۆ كاریگەریان دەبێ لە دروستكردنی ئاڵۆزی سیاسی یاخود ئابووری و ئەمنی، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە ئاڵنگاری و چارەسەریەكانیان بزاندرێ و لەگەڵ لایەنەكانی بەشدار لە ئیدارەی دەوڵەت هەماهەنگی و بیروڕاگۆڕینەوەی بەردەوام هەبێت بەتایبەتی كە بەشێك لەو كێشە و گرفتانەی دێنەپێش پەیوەندییان بە بژێوی هاوڵاتیان و ئاسایشی كۆمەڵایەتیەوە هەیە، كۆبوونەوە هەڤاڵانی پەیوەندیداری ڕاسپارد بۆ ئامادەگی تەواو و جێبەجێكردنی ئەوەی كە پێویستە لەو بارەوە.
– بابەتی پەیوەندییەكانی ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان، لەژێر رۆشنایی بڕیاری پێشوومان بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لە پەیوەندییەكان، هەڵسەنگاندنی وردكرا بۆ هەنگاوەكان لەو بارەیەوە و، سەردانی شاندی پارتیمان بۆ لای حزب و لایەن و پێكهاتەكانی كوردستان خرایە بەرباس و گفتوگۆكردن و بە پەسەندزانرا ئەو هەنگاوانە بەردەوامیان هەبێت و پرۆسەكە پەرەی پێبدرێت، هاوكات پەرە بە پەیوەندییەكانی دەرەوەمان بدەین.
– بابەتی سەردان و دانوستانەكانی شاندی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ لە بواری بودجە و یاسای نەوت و غاز و پرسی پێشمەرگە و ڕەشنووسی یاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی گەیشتووەتە قۆناغێكی باش و لەهەردوولا تێگەیشتن و گەیشتن بە چارەسەری هاوبەش دەبینرێت، كۆبوونەوە سوپاسی هەوڵ و كۆششەكانی حكومەتی هەرێم و شاندەكەی كرد بۆ ئەم بابەتە گرنگە.
– سەبارەت بە ڕێككەوتنی شنگال، چەند ساڵێكە ئەم ڕێككەوتنە كراوە كە چارەسەرێكی گونجاوە و لە سوودی هاوڵاتیانی دەڤەری شنگاله، بەڵام ‌هەندێ لایەنی ناوخۆیی و دەرەكی ئاستەنگیان بۆ جێبەجێكردنی خاڵەكانی رێككەوتنەكە دروستكردووە و كێشەكان بە چارەسەرنەكراوی ماونەتەوە، كۆبوونەوە ئاماژەی بەوەشدا كە هەندێ لایەن دەیانەوێت بەشێوەیەكی دیكە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە گرنگە بكەن كە ئەمەش دەبێتە هۆی چەقبەستووی بۆ چارەسەری و ئاڵۆزی زیاتری لێدەكەوێتەوە، بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەكی تایبەت لە هەڤاڵانی پەیوەندیدار پێكهات بۆ دیاریكردنی هەنگاوەكان لە ڕوانگە و چوارچێوەی ئەو رێككەوتنەی ئەنجامداروە، لە پێناو جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە بە سوودی هاووڵاتیانی شنگال و قەرەبووكردنەوەی بەشێكی ئەو هەموو نەهامەتی و ناخۆشیانەی كە بەسەریاندا هاتووە.
– بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان گفنوگۆی پێویست و تێروتەسەلی لەبارەوە كراو، سوربوونی پارتیمان دووپاتكرایەوە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراودا بۆ ئەمەش بەڕێز سەرۆكی هەرێم بەگوێرەی یاسا ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاریبكات و بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ چیتر دواكەوتنی ئەو پرۆسە گرنگە نین و ئەوەشی كە ڕوویدا بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، پارتیمان لە رووی ناچاری لەگەڵیدابوو بۆ ئەوەی بۆشایی یاسایی بۆ ئۆرگانەكانی هەرێم دروستنەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش هەنگاوەكانی بەشی هەڵبژاردنی مەكتەبی سیاسیی پارتیمان بەباشزانرا و داوایان لێكرا كە بەردەوامبن لە هەوڵ و هەنگاوەكانیان، هاوكات هەڤاڵانمان لە فراكسیۆنی پارتیمان لە پەرلەمان كاری پێویست بكەن بۆ زەمینە خۆشكردنی ڕێككارە یاساییەكان و لادانی بەربەستەكان لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردندا.
– تەوەرێكی دیكە‌ی كۆبوونەوە تایبەتكرا بە پرۆسەی بەهاناوەچوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەزگای خێرخوازی بارزانی و هاووڵاتیانی هەرێم بەگشتی لەكاتی روودانی بومەلەرزەكان لە وڵاتانی توركیا و سوریا و گەیاندنی خزمەتگوزاری و هاوكاری بۆ لێقەوماوان لە هەموو روویەكەوە، كۆبوونەوە سوپاس و پێزانینی دەربڕی و ئەو هەڵوێست و هەنگاوەی حكومەت و دەزگای خێرخوازی بارزانی و هاووڵاتیانی كوردستانی بەرزنرخاند.
– لە كۆتاییدا، كۆبوونەوە هەڵسەنگاندنی بۆ هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی بریارەكانی دوای كۆنگرەی 14ی پارتیمان كرد كە زۆربەیان جێبەجێكراون و ئەو بابەتانەشی كە ماون لە زووترین كاتدا جێبەجێ دەكرێن.
شایەنی ئاماژەیە كۆبوونەوە لە كەش و هەوایەكی هەڤاڵانە و هەست بە بەرپرسیاریەتی بەڕێوەچوو.
كۆمیتەی ناوەندیی
پارتی دیموكراتی كوردستان
٢ / ٣ /٢٠٢٣

ژمێریاری دادنوسی خانەقین لەسەر دزی دەركرا
پێت ژمێریاری دادنوسی خانەقین لەسەر دزی دەركرا
مالیكی دەبێتە جێگری سەرۆك كۆمار
دوات مالیكی دەبێتە جێگری سەرۆك كۆمار
پەیوەنیدر