سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لەحكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لەچەند مانگی داهاتوودا مووچەی چەندین وەزارەت بەئەلیكترۆنی و بەبانكی دەكرێن و پڕۆسەكەش هەموو وەزارەت و مووچەخۆران دەگرێتەوە.
د.عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لەحكومەتی هەرێم لە لێدوانێكیدا رایگەیاندووە، لەچەند مانگی داهاتوودا مووچەی چەندین وەزارەت بەئەلیكترۆنی و بە بانكی دەكرێن و پڕۆسەكە هەموو وەزارەت و مووچەخۆران دەگرێتەوە كۆدی بێ هاوتایان بۆ دروست دەكرێت.
راشیگەیاندووە، ئەو كۆدی بێ هاوتایە دەبێتە بنەمایەك بۆ دروستكردنی ئەژماری بانكی بۆ فەرمانبەران و لەماوەیەكی نزیكدا بۆ هەموو فەرمانبەران دەستبەر دەبێت و ئەو سیستەمە كاری پێ دەكرێت و سوودمەند دەبن لەو خزمەتگوزارییە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، كە لە ئێستادا نزیكەی 600 هەزار كۆدی هاوتا كە پێی دەوترێت (یوپی ئێن)یان بۆ فەرمانبەران دروستكراوە، هەر فەرمانبەرێك یان ئەوانەی لەریزی پێشمەرگەندان، دەبێ كۆدی خۆیان هەبێت، كە بەكۆدی بایۆمەترییەوە بەستراوەتەوە، ئەو كۆدە بۆ مووچەو هەموو زانیارییەكانی فەرمانبەرانو مووچەخۆران دەبێتە بنەمایەكی سەرەكی.
ئاشكراشیكردووە، كە ئەو كۆدە تەنیا بۆ مووچە نابێت، بەڵكو بۆ چەندیین خزمەتگوزاریی دیكەی ئەلیكترۆنی سوودی لێوەردەگیرێت.