كچە خوێندكارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ژەهراوی دەكرێن



سەدان كچ ڕەوانەی نەخۆشخانه كران و ئەمریكاش هۆشداری دەداتە ئێران

هەڵمەتی ژەهراویكردنی كچانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران لە ناوەندەكانی خوێندنی كچان دەستیپێكردووە و ئەوەش كاردانەوەی نێودەوڵەتی و جیهانی بەدوای خۆیدا هێناوە.

بەپێی زانیارییەكان لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەك ناوەندی خوێندنی كچانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران ژەهراویكراون، بەجۆرێك تا ئێستا 30 خوێندنگە ژەهراویكران و سەدان كچە خوێندكار بەهۆی ژەهراویبوونەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەكان كراون.

ڕەخنەگرانی حكوومەتی ئێران، دەڵێن ژەهراویكردنی كچە خوێندكارەكان پلانی هەندێك گرووپی سەر بە دەوڵەتی ئێران خۆیەتی، ئەوەش لە كاردانەوەی خۆپیشاندان و درووشمە توندەكانی خوێندنگەكانی كچان لە ڕاپەڕینەكانی ژینا ئەمینیدا لە دژی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەیە.

لە ڕاپەڕینەكانی ژینا ئەمینیدا ژنان و كچان ڕۆڵی سەرەكییان گێڕا بەتایبەت لە ناوەندەكانی خوێندندا، كە بەهۆی كوژرانی ژینا ئەمینی كچە كوردی شاری سەقز لەكاتی دەستگیركرانی لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتەوە لە تاران بەر لە شەش مانگ سەریانهەڵدا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەهۆی بڵاوبوونەوەی غازی ژەهراوی، كۆمەڵێك لە مامۆستا و فەرمانبەر و هەروەها قوتابی لە دوو قوتابخانەی سەرەتاییی كچانەی “یاسین” و ” شەهیم” لە شاری كرماشان ژەهراویبوون.

شایەتحاڵان دەڵێن “سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ئەم غازە، شتێكی هاوشێوەی كەپسوول بووە”.

بە گوتەی سەرچاوەیەك؛ ئەو كەپسوولە لە پۆلەكانی قوتابخانەی سەرەتاییی “یاسین” بیندراوە و غازێكی بێ ڕەنگ و بۆی لێ بڵاو بووەتەوە.

ڕێژەی بڵاوبوونەوە و كاریگەریی ئەو غازە، ئەو كەسانەشی لە دەرەوەی باڵەخانەی قوتابخانەكەدا بوون، ژەهراوی بوون و خێرا بۆ ناوەندە تەندروستییەكان گواستراونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ڕێكخراوەی مافی مرۆڤ هێزە ئەمنییەكان چوونەتە شوێنی ڕووداوەكە و بە مامۆستایان و قوتابیان ڕاگەیاندووە بڵێن بەهۆی شۆڤاژەوە غاز بڵاوبووەتەوە.

لە شارەكانی بروجێرد، تاران، ئەردەبێل و كرماشان و چەند شوێنێكی دیكە ناوەندەكانی خوێندنی كچان ژەهراوی كراون.

ژەهراویكردنی كچان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و جیهانی كاردانەوەی لێكەوتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا نێد پرایس لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد، پێویستە كۆماری ئیسلامیی ئێران لێكۆڵینەوەی جیدی لە ژەهراویكردنی كچە خوێندكارەكانی ئێران بكات.

لەلایەكی دیكەوە ڕێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە راگەیەندراوێكدا دوێنێ چوار شەممە هۆشداری دایە دەسەڵاتدارانی ئێران لەبەرامبەر ژەهراویكردنی خوێندنگەكانی كچان لە ئێران.

ڕێكخراوەكە، ڕایگەیاند بنەماڵەی خوێندكارەكان و گەلانی ئێران چاوەڕێی وەڵامی جدی لەدەسەڵاتدارانی ئێران دەكەن بۆ هێرشی ژەهراویكردن بۆ سەر چەندین ناوەندی خوێندنی كچان لە وڵاتەكە.

وەزیری ناوخۆی ئێران ئەحمەد وەحیدی لەبارەی ئەو تەنگەژەیەی لە وڵاتدا سەریهەڵداوە لە وەڵامی ئەوانەی دەسەڵات بەو كارە تۆمەتبار دەكەن، ڕایگەیاند، ژەهراویكردنی ناوەندەكانی خوێندنی كچان لە ئێراندا پیلانێكی داڕێژراوە.

 

“گۆڕانی كەشوهەوامان بەجدی وەرگرتووە”
پێت “گۆڕانی كەشوهەوامان بەجدی وەرگرتووە”
ئەمریكا و چین لەتایوان هێزی سەربازی كۆدەكەنەوە
دوات ئەمریكا و چین لەتایوان هێزی سەربازی كۆدەكەنەوە
پەیوەنیدر