ئەندامێكی پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەركەس بڵێ دوو ئیدارەیی لەكوردستان نیە ڕاست ناكات و جەختیش دەكاتەوە، كە حكومەت كارەبای هەیە، بەڵام دەیفرۆشێتە عیراق.
یاسین خزر، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوای ماوەیەكی زۆر لەپشووی پەڕلەمان و سەڕەڕای درێژكردنەوەی خولی پەڕلەمانی و ئەنجام نەدانی كۆبوونەوە، دواجار ئەمڕۆ پەڕلەمان كۆبۆوە، بەڵام لەبڕی باسكردنی قوتی هاووڵاتیان و نەوت و بەنزین و مووچە و نەبوونی دەرمان لەنەخۆشخانەكان هەروەها خراپی ڕێگاوبانەكان قسە بكەین، بەداخەوە دانیشتنەكە لەسەر ئەم بابەتانە نەبوو.
دەشڵێت: “سەرۆكایەتی پەڕلەمان قسەكانی ئێمەی لەدانیشتنەكە بڕی، كە ویستم بڵێم كوالێتی بەنزین لەكوردستان زۆر خراپە و بەهۆی ماددەكانی ناویەوە هۆكاری زۆربوونی شێرپەنجەیە”.
باسی لەوەشكرد، حكومەتی هەرێم كارەبای هەیە بیفرۆشێتە عیراق، بەڵام بۆخۆمان نیە، هەروەها دوو كۆمپانیای حزبی دەستایان بەسەر پاڵاوگەكانی هەرێمدا گرتووە و هەركەسیش بڵێ دوو ئیدارەیی نیە، ڕاست ناكات.