ئەمڕۆ مانگرتنی سەرتاسەری لە شارۆچكەی دەربەندیخان دەستیپێكرد و هاووڵاتییان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لەبەرامبەر كەمی و نەبوونی خزمەتگوزارییەكانی شارۆچكەكە دووكانەكانیان داخستووە.
شارۆچكەی دەربەندخان وەك هاووڵاتییان خۆیان باسیدەكەن، لە دابینكردنی چەندین خزمەتگوزاریی وەك، ئاو ، كارەبا، ڕێگاوبان، تەندروستی، گرفتیان هەیە و بەو هۆیەوە هاووڵاتییانی شارۆچكەكە زیاتر لە 20 ڕۆژ لەسەر شەقام مانەوە و خۆپیشاندانیان سازكرد، لە ئێستاشدا بڕیاری مانگرتنی گشتییان داوە لەپێناو وەڵامدانەوەی داواكارییەكانیان.
ئێستا مانگرتنی سەرتاسەری دەستیپێكردووە و هاووڵاتییان نەچوونەتە سەر كارەكانیان و دووكانەكانیش داخراون.
زەردەشت دەربەندی، چالاكوانی دەربەندیخان و یەكێك لە ڕێكخەرانی خۆپیشاندانەكان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، مانگرتنی گشتی دەربەندیخان بۆ ئەوەیە كە دەسەڵات قەبارەی ناڕەزایەتییەكانی شارۆچكەی دەربەندیخان ببینێت، دووكانەكان بە خواستی دووكانداران خۆیان داخراون، پاش ئەوەی بانگەواز بۆ مانگرتنی گشتی كرا لە شارۆچكەكەدا.
وتیشی، لەگەڵ بەشێكی نوێنەرانی دەسەڵاتدا كۆبوونەوەمان كردووە، گرەنتی ئەوەمان پێدراوە كە كێشەكانمان بۆ چارەسەر بكەن، بەڵام بە پراكتیكی نییە و سەرزارەكییە.
یەكێك لە گرفتەكانی هاووڵاتییانی دەربەندیخان كە وەك خۆیان ئاماژەی بۆدەكەن، خراپی ئاوە كە بووەتەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەنێو شارۆچكەكەدا، بەجۆرێك چەند ڕۆژێك پێش ئێستا هاووڵاتییەكی شارۆچكەكە كە كارمەندی هاتووچۆ بوو گورچیلەكانی لەكار وەستاوە و گیانی لەدەستداوە، دواتر لە پشكنینەكاندا دەركەوتووە كە بەهۆی خراپی ئاوی خواردنەوەوە گورچیلەكانی لەكار وەستاون.
یەكێكی دیكە لە گرفتەكانی هاووڵاتیان ئەوەیە كە نەخۆشخانەی دەربەندیخان لە ساڵی 2017 بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانێكی زۆری بەركەوت و بەو هۆیەوە هۆڵی نەشتەرگەرییەكەی لەكار كەوت و هەتا ئێستا چاكنەكراوە، هیچ نەشتەرگەرییەك لە نێو نەخۆشخانەكەدا نەكراوە، هاووڵاتییانی شارۆچكەكە بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری ڕەوانەی نەخۆشخانەكانی سلێمانی دەكرێن، كە ئەوەش مەترسی هەیە، نەخۆش هەبووە بۆ چارەسەر ڕەوانەی سلێمانی كراوە، بەڵام یان بە برینداری گەڕاوەتەوە، یان تەرمەكەی گەڕێندراوەتەوە بۆ دەربەندیخان بەهۆی خراپی ڕیگاكەوە كە ئەوەش یەكێكە لە گرفتەكان و داواكاری خۆپیشاندەرانە، دەشڵێت، ” هەندێك جار بۆ برینی زۆر بچوكیش نەخۆشەكان ڕەوانەی سلێمانی دەكرێن”.
زەردەشت دەربەندی دەڵێت، بەڵام لە ئێستادا بڕیاری نۆژەنكردنەوەی هۆڵی نەشتەرگەرییەكە دەرچووە و بڕیارە دوو ڕۆژی دیكە كۆمپانیای تایبەتمەند دەست بەكارەكان بكات.
گرفتێكی دیكەی هاووڵاتییانی شارۆچكەكە كەمی كارەبای نیشتیمانییە كە وەك خۆیان باسیدەكەن، چەند كاتژمێرێك كارەبایان هەیە و ئەوان داوای ئەوە دەكەن كارەبای نیشتیمانییان بۆ بكرێت بە 24 كاتژمێر.
هاوكات خراپی ڕێگاوبانەكانیش یەكێكی دیكەیە لە گرفتەكان و بەو هۆیەوە ساڵانە چەندین ڕووداوی هاتووچۆ ڕوودەدەن قوربانییان لێدەكەوێتەوە.