مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی پێشووتری پەرلەمان و پەرلەمانتاری ئەم خولەی پەرلەمانی عیراق پێیوایە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران كەسێكی زۆر ڕاستگۆیە و ڕێنەكەوتووە سەرۆك وەزیرانێك بەمشێوەیە سیاسییەكان لەدەوری خۆی كۆبكاتەوە.
مەشهەدانی لە دیمانەیەكی تەلەفیزیۆنیدا ڕایگەیاند:”سودانی دەبێتە سوپراسیز بۆ گەل بە دەستەكەوتەكانی و لاوانیش بەدوایدا ڕادەكەن، عیراقییەكان كەسێكیان دەوێت ڕاستگۆبێت لەگەڵیان و دەستپاك بێت و دزی نەكات و یەك بڕیار بێت و شروگی و كوڕی شێخ و هەڵقوڵاوی ناوخۆ بێت”.
بە وتەی مەشهەدانی:”سودانی ڕاستگۆیە و هەموو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانی دەكەن، هەر ناوێكی تر لەلایەن فراكسیۆنە سیاسییەكانەوە بخرێتەڕوو ڕەزامەندی لەسەر دەرنابڕدرێت، جگە لەوەی دەبێت هەمان تایبەتمەندی و پێوەری دیاریی كراوی ئەوی هەبێت”.
مەشهەدانی دەڵێت:”سودانی یەكەم سەرۆك وەزیرانە كە دەبینين سیاسییەكان لە دەوری خۆی كۆدەكاتەوە و بەرپرسیارێتییەكی گەورە لەئەستۆ دەگرێت، بۆیە ئێمە هەمیشە پێی دەڵێن، تۆ دوایین گوللـەی پرۆسەی سیاسی”.