هەموو ساڵێك لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی زاوزێی ماسی و دانانی گەرا بۆ زیادبوونی، راوی ماسی بۆ سێ مانگ قەدەغە دەكرێت و سەرجەم راوچییەكانیش ئاگاداردەكرێنەوە.
ئەمڕۆ سێشەمە 28ـی شوبات، محەمەد سەدرەدین ئەفسەری یاسایی لە پۆلیسی ژینگە و دارستان، میدیاكانی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووە”پاراستنی سامانی ماسی یەكێكە لە كارەكانی ئێمە و كاری لەسەر دەكەین.
بە وتەی محەمەد سەدرەدین”بە بڕیار قەدەغەی ڕاوی ماسی لە پێنجی ئادار لە هەرێمی كوردستان دەست پێ دەكات و تا 15ـی حوزەیران بەردەوام دەبێت، ڕۆژی 16ـی حوزەیران راوكردن دەست پێ دەكاتەوە”.
ئەو ئەفسەرە یاساییەی پۆلیسی ژینگە و دارستان دەڵێت”لەم ماوەیەدا بەڕێوەبەرایەتییەكانی پاراستنی دارستان، مەفرەزەی گەڕۆكی دەبێت بۆ گرتنی سەرپێچیكاران كە بەهیواین دەكەین هاووڵاتییان پێیەوە پابەندبن، بڕیارەكەش لە هەموو دەریاچە و ڕووبارەكان جێبەجێ دەكرێت، چونكە وەرزی زاوزێی ماسی دەكەوێتە ئەو ماوەیە، بەپێچەوانەوە سەرپێچیكاران سزای یاسایی دەدرێن، سەرجەم راوچییانی ماسیمان لەو بڕیارە ئاگادار كردووەتەوە”.
ژمارەیەكی زۆر زێ و ڕووبار و دەریاچە لە هەرێمی كوردستاندا هەن و هاووڵاتییان ساڵانە راوی ماسیی تێدا دەكەن، لەو ڕووەشەوە بەكارهێنانی تەقەمەنی و ئامێری لەناوبەر بۆ راوكردنی ماسی بە تەواوی قەدەغە كراوە.