پارێزگاری هەرێمی مۆسكۆ ڕایدەگەیەنێت،سوپای ڕووسیا فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی خستەخوارەوە كە لەڕێگەدابوو بۆ بەئامانجگرتنی ژێرخانی غازی سروشتی لە نزیكی پایتەختی ڕووسیا، وەزارەتی بەرگری وڵاتەكەش ئاماژە بە خستنەخوارەوەی دوو فڕۆكەی بێفڕكەوانی ئۆكراینا دەكات لە باشووری ڕووسیا.
ئاژانسی “ریا نۆڤستی” لە زاری بەرپرسانی خزمەتگوزارییەكانی باری نائاسایی ڕووسیاوە بڵاویكردەوە”فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان لە نزیك وێستگەی دابەشكردنی غاز لە ناوچەی كۆلۆمنا كە 110 كیلۆمەتر لە مۆسكۆوە دوورە، خرایەخوارەوە”.
حاكمی هەرێمەكە لەو ڕووەوە ڕایگەیاند”لە ڕووداوەكەدا كەس نەبۆتە قوربانی و زیان بە ژێرخانەكان نەكەوتووە”.
بەپێی بەیاننامەیەكی پێشتری وەزارەتی بەرگری ڕووسیاش”ڕژێمی كێیڤ بە دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هەوڵیدا هێرشبكاتە سەر پێگەكانی ژێرخانی مەدەنی لە ناوچەی كراسنۆدار و كۆماری ئەدیگیا، بەڵام خۆشبەختانە توانرا هەردوو فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكە بخرێنە خوارەوە بەبێ ئەوەی هیچ زیانێكيان بەدوادابێت”.