وەزیری دەرەوەی میسر سەردانی باكووری كوردستان و توركیای كرد بۆ گەیاندنی سەرەخۆشی و دووپاتكردنەوەی هاوكاری بۆ ئەو وڵاتە بەهۆی بوومەلەرزەكانی باكووری كوردستانەوە.
ئەوە یەكەم سەردانی كاربەدەستێكی باڵای دەوڵەتی میسرە بۆ توركیا لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا دوای گرژییەكانی نێوان دوو وڵات.
لە 30 حوزەیرانی 2013 عەبدول فەتاح سیسی سەرۆك كۆماری ئێستای میسر لە رێگای كۆدێتایەكەوە كۆتایی بە دەسەڵاتی یەك ساڵەی ئیخوانەكان لە میسر هێنا كە دوای ڕووخانی سەرۆكی پێشووتر حووسنی مووبارەك بە هەڵبژاردن هاتبوونە سەر دەسەڵات، ئەوە بە تەواوی پەیوەندییەكانی قاهیرە و ئەنقەرەی تێكدا، كاتێك توركیا دژایەتی توندی دەسەڵاتی نوێی میسری كرد و ئامێزی بۆ ئیخوانە هەڵهاتووەكان كردەوە.
لە ماوەی ساڵی رابردووەوە توركیا بەرنامەیەكی نوێی پەیڕەوكرد، ئەویش ئاشتبوونەوە بوو لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی لەپێشیانەوە میسر و ئیمارات و عەرەبستانی سعودی و كاروچالاكی ئیخوانەكانی بەرتەسككردەوە.
لەگەڵ سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی میسر سامح شوكریدا بۆ توركیا باس لەوە دەكرێت ئامادەكاری بۆ كۆبوونەوەی سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆكی میسر عەبدولفەتاح سیسی دەكرێتو هاوكات باس لە ئامادەكاری سەردانی ئەردۆغانیش بۆ میسر لەناوەڕاستی ئەمساڵدا دەكرێت.
سامح شوكری و وەزیری دەرەوەی توركیا، مەولود چاوشئۆغلو لە بەندەری نێودەوڵەتیی مێرسین لەباشووری توركیا لە سەر دەریای ناوەڕاست كاتی گەیشتنی كەشتی “ئەلحورییە” كە لە میسرەوە هاوكاری بۆ توركیا هەڵگرتبوو لێدوانی رۆژنامەوانییان دا.
وەزیری دەرەوەی میسر، بەهۆی بوومەلەرزەكانی مەڕەشەوە جارێكی دیكە پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی توركیا كردەوە “هاتنمان بۆ ئێرە لە راستیدا پەیامێكی دۆستایەتی و هەماهەنگییە. وەكو حكوومەت و گەلی میسر لە دڵەوە بڕوادەكەین كە توركیا لە كەمترین ماوەدا بەسەر ئەمانەدا تێدەپەڕێت”.
سامح شوكری، ئاماژەی بەوە كرد، بوومەلەرزەكانی ٦ی شوبات كە ناوەندەكەی پارێزگای مەڕەش بوو كارەساتێكی گەورە بووە و بە خەمێكی زۆرەوە هەواڵەكەیان زانیوە و رایگەیاند ئەوەی لە دەستیاندابێت هەوڵیان داوە پاڵپشتیی توركیا بكەن : “لێرە بەدواوەش بە هەمان شێوە بۆ ئەوەی بەسەر رۆژە سەختەكاندا سەربكەوین ئەوە وەكو میسر ئەوەی لە دەستماندابێت بەردەوامی بە هاوكارییەكانمان دەدەین”.
شوكری، ئەوەشی خستەڕوو ئیرادەیەكی سیاسی لە بابەتی پەیوەندییەكانی نێوان میسر و توركیا هەیە و جەختی كردەوە درووستكردنی بناغەیەكی بەهێز لە چوارچێوەی ئەو ئیرادە سیاسییە زۆر گرنگ دەبێت.
وەزیری دەرەوەی میسر، باسی لەوەش كرد گرنگی بە گەڕانەوەی پەیوەندییەكانی نێوان میسر و توركیا بۆ ئاستی جاران و پەرەدان بە پەیوەندییەكان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوو وڵات دەدەن : “میسر هەموو كات لە پاڵ براكانی لە توركیا دەبێت. لەو بڕوایەدام كە لێرە بەدواوە پەیوەندییەكانمان دەگاتە باشترین ئاست”.