بانكی ناوەندی عیراق زیاتر لە 104 ملیۆن دۆلاری ئەمریكایی دەخاتە بازاڕەوە كە بە بڕێكی كەمتر بەراورد بە ڕۆژی پێشوو دادەنرێت، لە هەمان كاتدا نرخی دراوەكە لە بازاڕەكانی ناوخۆدا، تائێستا بەشێوەی چاوەڕوانكراو دانەبەزیوە و لە بەرزبوونەوەدایە.
ئەمڕۆ دوو شەممە، بانكی ناوەندی عیراق، بڕی 104 ملیۆن و 216 هەزار و 250 دۆلاری خستەبازاڕەوە، ئەمەش بە بڕێكی كەمتری فرۆشتنی ئەو دراوە دادەنرێت بەراورد بە ڕۆژی پێشوو.
ناوەندی دەڵێت: “لە كۆی گشتی پارەكە 45 ملیۆن و 700 هەزار دۆلاری بەشێوەی كاش فرۆشراوە و ئەوی تر كە 58 ملیۆن و 516 هەزار و 250 دۆلار بوو بۆ پتەوكردنی ڕەسیدی بانكەكان بووە لە دەرەوەی وڵات”.
هەر لە بەیاننامەكەی بانكی ناوەندیدا هاتووە، ”لە پرۆسەكەدا 13 بانك بۆ دابینكردنی داواكاریی نەختینە و 18 بانك بۆ داواكارییەكانی پتەوكردنی ڕەسیدی دەرەوەی وڵات و 167 كۆمپانیا بەشدارییان كردووە، هەر دۆلارێكیش بە 1310 دینار فرۆشراوە.
ئێوارەی دوو شەممە، نرخی 100 دۆلار لە بازاڕەكانی ناوخۆدا بە زیاتر لە 155 هەزار دینار مامەڵەی پێوەكرا، لەكاتێكدا حكومەت و بانكی ناوەندی جەخت لەسەر دابەزینی نرخی دراوە ئەمریكاییەكە دەكەنەوە لەبەرامبەر دیناری عیراقی بۆ 1310 دینار بۆ دۆلارێك.