دەربەندیخان مانگرتنی سەرتاسەری ڕادەگەیەنێت



یەكەم ڕۆژی مانگی داهاتوو، لە شارۆچكەی دەربەندیخان مانگرتنی سەرتاسەری دەستپێدەكات.

هۆكاری مانگرتنەكە دەگەڕێتەوە بۆ جێبەجێنەكردنی داواكارییەكانی خۆپیشاندەرانی شارۆچكەكە كە بۆ ماوەی زیاتر لە 20ڕۆژ لەسەر شەقام مانەوە و لە دژی خراپی و نەبوونی خزمەتگوزارییەكانی وەك ئاو و كارەبا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

یەكێك لە گرفتەكانی هاووڵاتییانی دەربەندیخان كە وەك خۆیان ئاماژەی بۆدەكەن، خراپی ئاوە كە بووەتەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەنێو شارۆچكەكەدا، بەجۆرێك چەند ڕۆژێك پێش ئێستا هاووڵاتییەكی شارۆچكەكە كە كارمەندی هاتووچۆ بوو گورچیلەكانی لەكار وەستاوە و گیانی لەدەستداوە، دواتر لە پشكنینەكاندا دەركەوتووە كە بەهۆی خراپی ئاوی خواردنەوەوە گورچیلەكانی لەكار وەستاون.

لەگەڵ ئەوەشدا ماڵەكانی شارۆچكەكە بڕێكی زۆر كەم ئاویان پێدەگات و لە هەفتەیەكدا تەنها دوو بۆ سێ‌ ڕۆژ ئاویان پێدەگات لەكاتێكدا بۆ خواردنەوە سوودی لێوەرناگرن. كارەبای شارۆچكەكەش كەمەو ڕۆژانە نزیكەی 10 كاتژمێر كارەبای نیشتیمانییان پێدەدرێت.

زەردەشت دەربەندی، یەكێك لە ڕێكخەرانی خۆپیشاندانەكانی دەربەندیخان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، هاووڵاتییانی دەربەندیخان هیچ سوودێك لەو ئاوە نابینن كە بۆیان دابیندەكرێت، چەندین كەس بوونەتە قوربانی دەستی ناخاوێنی ئەو ئاوە، كاریگەری لەسەر پێست و گورچیلەكان و بۆری هەناسەدان هەیە، لەماوەی ڕابردووشدا یەكێك لە كارمەندانی هاتووچۆی دەربەندیخان كۆچی دوایی كرد بە هۆی ئەوەی هەردوو گورچیلەی بەهۆكاری ئاوی پیسی شارۆچكەكەوە لەكار وەستابوو، چەندین حاڵەتی دیكەش هەیە كە گورچیلەیان سست بووە و تەنانەت خوێنەكەشیان ژەهراوی بووە بە كەڵكی ئەوە نایەت گورچیلەشی بۆ بگۆڕدرێت.

دەشڵێت، ساڵی ڕابردوو بە نووسراوی فەڕمی داوامان لە ئیدارەی شارۆچكەی دەربەندیخان كرد كە دانانی پێوەری زیرەكی ئاوی ماڵان ڕابگیرێت، خەڵكیش پێوەرەكان لێبكەنەوە و هیچ بڕە پارەیەك نەدەن، چونكە ئەو بابەتە هێشتا لە پەڕلەمانی كوردستان بڕیاری لەسەر نەدراوە، بۆیە یەكێك لە داواكارییەكانمان سڕكردنی كۆمپانیاكانی پێوەری ئاوە، چونكە ئاوی شارۆچكەكە خاوێن نیە و ژەهراوییە.

ئاماژەی بە ئەوەش كرد، یەكێكی دیكە لە گرفتەكانی هاووڵاتیان ئەوەیە كە نەخۆشخانەی دەربەندیخان لە ساڵی 2017 بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانێكی زۆری بەركەوت و بەو هۆیەوە هۆڵی نەشتەرگەرییەكەی لەكار كەوت و هەتا ئێستا چاكنەكراوە، هیچ نەشتەرگەرییەك لە نێو نەخۆشخانەكەدا نەكراوە، هاووڵاتییانی شارۆچكەكە بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری ڕەوانەی نەخۆشخانەكانی سلێمانی دەكرێن، كە ئەوەش مەترسی هەیە، نەخۆش هەبووە بۆ چارەسەر ڕەوانەی سلێمانی كراوە، بەڵام یان بە برینداری گەڕاوەتەوە، یان تەرمەكەی گەڕێندراوەتەوە بۆ دەربەندیخان بەهۆی خراپی ڕیگاكەوە كە ئەوەش یەكێكە لە گرفتەكان و داواكاری خۆپیشاندەرانە، دەشڵێت، ” هەندێك جار بۆ برینی زۆر بچوكیش نەخۆشەكان ڕەوانەی سلێمانی دەكرێن”.

باس لە ئەوەش دەكات، ڕێگای نێوان میرەدێ‌ هەتا تونەیلەكەی دەربەندیخان، نزیكەی 300 ڕووداوی هاتووچۆی تێدا تۆمار كراوە و نزیكەی 250 قوربانی لێكەوتووەتەوە، ڕێگاكە زۆر خراپە، شەندین جار داوای چاككردنی یان دۆزینەوەی ڕێگایەكی ترمان كردووە لەبری ئەو ڕێگایە، بەڵام وەڵام نەدراوینەتەوە.

لەبارەی كارەباوە دەڵێت، كارەبای شارۆچكەكە لە دۆخێكی خراپدایە بەجۆرێك لە ماوەی 24 كاتژمێردا تەنها نزیكەی 10 كاتژمێر كارەبای نیشتمانیمان پێدەدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێوەری زیرەكمان بۆ دادەنێن، ئێمەش ئەوە ڕەتدەكەینەوە.

زەردەشت ئاماژە بە مانگرتنی سەرتاسەری لە شارۆچكەی دەربەندیخان دەكات و دەڵێت، بەشێوەیەكی مەدەنیانە لە ڕۆژی 1/3/2023مانگرتنی سەرتاسەرییە لەشاری دەربەندیخان و ژیان ڕادەگرین داواكارین هەمووان دوكانەكان داخەن وبایكۆتی دەوام بكەن بۆئەوەی بەیەك دەنگ بێینە سەر شەقام بۆدروستكردنی فشاری مەدەنیانە بۆ داواكاریەكانمان، هەتا وەڵام نەدرێینەوە و گرفتەكان چارەسەر نەبن مانگرتنەكە بەردەوام دەبێت.

ئەوە لەكاتێكدایە، خراپی و نەبوونی خزمەتگوزراییە سەرەتاییەكانی ژیان كردن لە زۆرینەی شار و شارۆچكەكانی هەرێم، هاووڵاتییان دەباتە سەر شەقام و خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن و ناڕەزایی دەردەبڕن.

 

حەوت پەڕلەمانتاری هەرێم دەست لەكار دەكێشنەوە
پێت حەوت پەڕلەمانتاری هەرێم دەست لەكار دەكێشنەوە
وادەی كۆتاییهاتنی ژیان لە عێراق دیاریكرا
دوات وادەی كۆتاییهاتنی ژیان لە عێراق دیاریكرا
پەیوەنیدر