توركیا دەست بۆ بۆمبە مەترسیدارەكەی ڕۆژئاوا دەبات



خەڵك-

كامپی هۆڵ لەپارێزگەی حەسەكەی ڕۆژئاوای كوردستان چەند ساڵێكە هەزاران چەكدار و ئەندام و خێزان و كەسوكاری داعشی لە دەیان ڕەگەزی ناوچەیی و بیانی تێدا زیندانیكراوە، شارەزایانی سەربازی ئەم كامپە بە بۆمبێكی مەترسیدار بۆ ناوچەكە دادەنێن لە هەر ساتێكدا بێت، جیهان ڕووبەڕووی مەترسییەكی بێوێنە دەكاتەوە، بەڵام ئێستا توركیا خەریكە یاری بە ئەو بۆمبە دەكات.

بە پێی ئامارە نافەڕمییەكان، نزیكەی 55 هەزار كەس لە ناو كەمپی هۆڵ دەژین كە بەشێكیان خێزانەكانی چەكدارانی داعشن.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەكان 28 هەزار هاووڵاتی عێراقی، نزیكەی 19 هەزار هاووڵاتی سووریایی و زیاتر لە 8 هەزار هاووڵاتیانی بیانی لە ناو ئەو كەمپەدا دەژین.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەند جارێك زیندانیانی داعش لەناوەوەی كەمپەكە و لە دەرەوەی كەمپەكە، هەوڵی شكاندنی زیندانەكەیانداوە، بەڵام سەركەتوو نەبوون.

هێزەكانی سووریای دیموكرات كە ئەركی بەڕێوەبردنی كامپەكەی لە ئەستۆیە زیاتر لە جارێك داوای لە وڵاتان كردووە كە هاووڵاتییەكانیان كە ئەندامی داعشن و لە كەمپەكەدان بەرنەوە، یان هەوڵ بدرێت دادگاییەكی تایبەت دابندرێت بۆ دادگاییكردنیان، بەڵام جگە لە چەند وڵاتێكی كەم، زۆرینە ئامادەبوون ئەندامەكانی داعش وەربگرنەوە و هەوڵەكانی دامەزراندنی دادگایەكی تایبەتەیش سەركەوتوو نەبوون.

ئێستا كە توركیا ئۆپەراسیۆنێكی نوێی بۆ سەر ڕۆژئاوا دەستپێكردووە، شەوی ڕابردوو كەمپەكەی بۆردوومانكرد، ژمارەیەك لە زیندانییەكان هەڵهاتن، دواتر لەلایەن هێزە ئاسایشییەكانەوە دەستگیركرانەوە.

شرۆڤەكاران هۆشداری دەدەن لە ئەگەری زیادبوونی ئاڵۆزییەكان مەترسییەكان زیاتر دەبن، بەتایبەت كە هێزەكانی هەسەدە ئۆپەراسیۆنی دژی داعش و هەماهەنگییان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی ئەمریكا ڕاگرتووە.

لای خۆشیەوە ئەمریكا لە زاری چەند كاربەدەستێكییەوە ڕایگەیاندووە ، ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا كاریگەری گەورەی لەسەر جەنگی داعش دەبێت و هەوڵەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندڕۆكان پەكدەخات.

لای خۆیەوە هەسەدە توركیا تۆمەتبار دەكات بە هەوڵدان بۆ ئازادكردنی چەكدارەكانی داعش.

لوقمان ئەحمێ وتەبێژی خۆسەری ڕۆژئاوای كوردستان بۆ (خەڵك) دەڵێت “توركیا گرتووخانەی زیندانیكراوی داعشی بۆردوومانكردووە، هەوڵی داوە داعشەكان ئازاد بكات”.

لە هەر جووڵەیەكی داعشدا لە ناوچەكە بە تایبەت سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان، هەرێمی كوردستان یەكێك لەئەو ناوچانەیە بە پلەی یەكەم ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە، بەتایبەت كە لەم دواییانەدا لە ناوچە دابڕاوەكان جموجۆڵی داعش زیادیانكردووە.

لەوبارەیەوە لیوا محەمەد سابیر، شارەزای سەربازی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، چەند ڕۆژێكە جموجۆڵەكانی داعش بەتایبەت لە كەركوك و موسڵ و دیالە زیادیان كردووە، لەگەڵ ئەو ناوچانەی دیكە كە جێناكۆكن لەنێوان حكومەتی هەرێم و عێراق، چونكە لەو ناوچانە بۆشایی ئەمنی هەیە.

ئاماژەی بە ئەوەشكرد، هۆكارەكانی زیادبوونی جوڵەی داعش دەگەڕێنەوە بۆ ئەوەی كە كەرەستەكانی بەرگریكردن و هێرشبردن لەلایەن سوپای عێراق و پێشمەرگەوە زۆر كەمن و هەروەها ئەو دوو لایەنە لە ڕووی زانیاری هەواڵگریشەوە لاوازن.

ڕاشیگەیاند، لە هەرێمی كوردستان هێزێكی بەهێزی سەربازیمان نییە، بەڵكو دوو هێزی پارتی و یەكێتیمان هەیە كە هەماهەنگییان نییە لەگەڵ یەكتری تا بتوان هاوكاری یەكتری بكەن لەكاتی بوونی هێرش و مەترسییەكان.

ئەوەشی خستەڕوو، داعش كۆمەڵێكن دژی مرۆڤایەتی و نابێت‌ بەهیچ شێوەیەك دانوستانیان لەگەڵ بكرێت و پێویستە لەناو ببرێن، نابێت هیچ هێزێك لە دونیادا دانوستانیان لەگەڵ بكات.

دەشڵێت، دەبێت هێزی پێشمەرگە سەنگەرەكانی بەهێزبكات كە ئەوەش تێچوویەكی زۆری هەیە و زیانێكی زۆر بەر ئابووری هەرێم دەكەوێت، هاوكات لەلایەنی دەرونی و سەبازیشەوە زیانی زۆر بە هەرێمی كوردستان دەگەیەنن.

 

مانگرتنی گشتی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەستیپێكرد
پێت مانگرتنی گشتی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەستیپێكرد
مەترسی ڕێككەوتنی ئەنقەرە و تاران و بەغدا دژی كورد هەیە
دوات مەترسی ڕێككەوتنی ئەنقەرە و تاران و بەغدا دژی كورد هەیە