پارێزگاری سلێمانی بۆ دەرماڵەی فەرمانبەران گشتاندنێك بۆ فەرمانگەكان دەكات



سالانە لە بەشێكی زۆری فەرمانگەكان بۆ بەستی دەرماڵەی پیشەیی و مەترسی مەرجی پسوڵەی ئەندامێتی و ئابوونەی سەندیكا و ڕێكخراوەكان دەكرێتە مەرج و ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی-ش دەڵێت: “بەتەواوەتی كارێكی نایاساییە، چونكە ئەندامێتی سەندیكا و ڕێكخراوەكان ئارەزوومەندانەیە و پەیوەندی بە مووچە و دەرماڵەوە نییە”، هاوكات پارێزگای سلێمانی گشتاندنێك دەردەكات.

خەدیجە عەبدولجەبار، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند،” زۆرێك لە دامودەزگا و فەرمانگە حكومیەكان لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا، فشار لە فەرمانبەرەكانیان دەكەن بۆ ئەوەی پسوڵەی ئابوونەی سەندیكا و ڕێكخراوە پیشەییەكان بهێنن، بە پێچەوانەوە دەرماڵەی مەترسی و دەرماڵەی پیشەییان بۆ خەرج ناكرێت، كە ئەوە كارێكی تەواو نایاساییە، لەبەرئەوەی ئەندام بوون لە سەندیكا و ڕێكخراوە پیشەییەكان و ڕێكخراوەكانی تری كۆمەڵی مەدەنی ئارەزومەندانەیە و هیچ پەیوەندییەكی بە مووچە و دەرماڵەوە نیە و مووچە و دەرماڵەكان بە یاسا ڕێكخراون” .

ڕاشیگەیاندووە، یاداشتمان پێشكەش كردووە بۆ ئەوەی پارێزگای سلێمانی گشتاندن دەربكات بۆ سەرجەم دامودەزگا و فەرمانگەكان، كە بەهیچ شێوەیەك نابێت پسوڵەی ئابوونەی سەندیكا و ڕێكخراوە پیشەییەكان، بكرێتە مەرج بۆ خەرجكردنی دەرماڵە.

جەختیشی كردەوە، پێویستە فەرمانبەرانی سەرجەم توێژەكانیش لەم بارەیەوە ئاگادار بن، كە ئەندام بوون لەو سەندیكا و ڕێكخراوانە پەیوەندی نیە بە مووچە و دەرماڵەكانیانەوە.

لای خۆشیەوە، د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە گشتاندنێكدا، كە بە ژمارە 2042 لە 19ی ئەم مانگە ئاڕاستەی قائیمقامیەتەكانی كردووە و وێنەی دراوە بە (خەڵك) ئاماژەی بەوەكردووە، دەرماڵەی پیشەیی و هەر دەرماڵەیەكی تر، كە بە یاسا و ڕێنماییەكان ڕێكخراوە هیچ پەیوەندییەكی بە نوێكردنەوەی ئەندامێتی لە سەندیكاكان نییە.

جەختیشی كردۆتەوە، ئەندامێتی لە سەندیكاكاندا ئارەزوومەندانەیە.

پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی كۆمسیۆنی نوێ‌ و سەرژمێری گشتی كۆدەبێتەوە
پێت پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی كۆمسیۆنی نوێ‌ و سەرژمێری گشتی كۆدەبێتەوە
شەپۆلێكی باران بارین هەرێم دەگرێتەوە
دوات شەپۆلێكی باران بارین هەرێم دەگرێتەوە
پەیوەنیدر