ژمارەی ئەو كەسانەی لە بوومەلەرزەكانی توركیا و سوریا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە زیاتر لە 50 هەزار كەس، ئەوەش دوای دۆزینەوەی تەرمی چەندین هاووڵاتی دیكە لەژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەكانی توركیا.
ئیدارەی فریاگوزاری و كارەساتەكانی توركیا (ئافاد) لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەكانەوە بەرزبۆتەوە بۆ 44 هەزار و 218 كەس.
بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە لە هەریەک لە پارێزگاکانی؛ قەهرەمانمەڕەش، غازی عەنتاب، ئورفا، دیاربەکر، ئادانا، ئادیامان، عوسمانییە، هاتای، کلیس، ماڵاتیا و ئەلعەزیز، ٤٤ هەزار و ٢١٨ کەس گیانیان لەدەستداوە. ژمارەی ئەو کەسانەش، کە لە ناوچەکەوە گواستراونەتەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی تورکیا گەیشتە ٥٢٨ هەزار و ١٤٦ کەس.
لە ئێستادا ١١ هەزار و ٤٢٨ کارمەندی گەڕان و ڕزگارکردنی سەر بە ئافاد، تیمەکانی دیکەی ناوخۆی وڵات و تیمە نێودەوڵەتییەکان لە ناوچەکەدا ئەرک بەجێ دەگەیەنن.
هاوكات بەپێی ئاماری دامەزراوە تەندروستییەكانی سوریا، تا ئێستا لە ناوچە كارەساتبارەكان 6 هەزار و 750 كەس گیانیان لەدەستداوە.
لە هەردوو دەوڵەتی توركیا و سوریا لەدوای 19 ڕۆژ لە ڕووودانی بوومەلەرزە بەهێزەكانەوە، كە پلەكانیان لە سەرووی 7 پلەی ڕێختەرەوە بوون تا ئێستا گەڕان و پشكنین بە مەبەستی دۆزینەوەی كەسانی ژێر دارووپەردووی خانووە ڕووخاوەكان بەردەوام.