بانكی ناوەندیی عێراق بڕیاریدا رێگە بە گواستنەوەی دینارو دۆلار لەناوخۆی وڵات بدات و هەموو جۆرە حەواڵكردنێكیش لەرێگەی بانك و كۆمپانیاكان قەدەغە دەكات ئەگەر نوسراوی فەرمی لەگەڵ نەبێت.
بانكی ناوەندیی عێراق ناوەڕۆکی ئەو كۆبوونەوەیەی بڵاوکردەوە کە دوێنێ پێنجشەممە لەنێوان عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی و فەرماندەی دەزگا ئەمنییەكان و خاوەن كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو بەڕێوەچوو.
لە كۆبوونەوەكەدا پارێزگاری بانكی ناوەندی بڕیارە نوێیەكانی تایبەت بە پرۆسەی حەواڵەكردن و گواستنەوەی دراو لەناوخۆی وڵات ئاشکرا کردووە کە ئەمانەی لای خوارەوەن:-
١-بانكی ناوەندی تاكە لایەنی بەرپرسە لە چاودێریكردنی بانك و كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراوو ئەو دامەزراوە داراییانەی كە مۆڵەتی كاركردنیان پێدراوە.
٢- گواستنەوەی دینارو دۆلارو هەر دراوێكی دیكە، لەناوخۆی وڵات رێگەپێدراوە بۆ هەموو كەسێكی ئاسایی و بانك و كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو.
٣- بە ئامانجی رێگریكردن لە بردنە دەرەوەی دراوی كاش لە دەروازە سنورییەكانەوە، كە بڕەكەی لە ١٠ هەزار دۆلار زیاتر بێت، دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەكان راسپێردراون بۆ چاودێری و پشكنینی ئۆتۆمبێلەكان لەرێگا سەرەكییەكان و ئەو رێڕەوانەی دەچنەوە سەر دەروازە سنورییەكان، ئەمەش لەچوارچێوەی رێوشوێنەكانی تایبەت بە رێگریكردن لە بەقاچاخبردنی دۆلار.
٤- پێویستە بڕی ئەو پارەیەی كە لە بانكەكان و كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو بۆ لقەكانیان دەگوازرێنەوە، نوسراوی فەرمی ئەو لایەنەی لەگەڵ بێت و وردەكارییەكانی گواستنەوەی پارەكانیش تۆماربكرێت.