هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە لەلایەن نوری مالیكییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت پێیوایە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی پێشوو، “بوكەڵەیە” بەدەست ئەمریكا و وڵاتانی تر، گێڕانەوەشی لەلایەن هەر لایەنێك بۆ نێو گۆڕەپانی سیاسی بە “یارییەكی دۆڕاو” وەسف دەكات.
حەیدەر لامی، سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”كازمی بۆ ماوەیەكی زۆر سەركردایەتی حكومەتی كرد و لەو ماوەیەشدا ڕووداوی زۆر ڕوویاندا كە دەكرێت بە میحوەری لە مێووی عیراقی هاوچەرخدا دابنرێن”.
بە وتەی لامی”لەنێوان ئەو ڕووداوانەی ڕوویاندا، كوژرانی سەركردەكانی سەركەوتن بوو كاتێك ئەو بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری بوو، نرخی دۆلاری بەرزكردەوە، پرسی بەئامانجگرتنی ماڵی سەرۆك وەزیران، و ڕووداوی تر، ئەو پیاوە گەر بێتەوە نێو گۆڕەپانی سیاسی عیراق، پرسەكە دەبێتە (فەنتازیایەكی میدیايی)”.
سەركردەكەی دەوڵەتی یاسا پێیوایە:”لە حاڵەتێكدا گەر هەندێك لایەنی سیاسی ویستییان پشتیوانی بكەن، ئەوا پشتيوانی لە دۆڕاو دەكەن، كازمی تەنیا بوكەڵەیەك بوو بەدەستی وڵاتانی دەرەوە، سەرۆك وەزیرانی پێشوو تیمێكی ڕاوێژكارانی هەبوو كە شیاونەبوون بۆ بەڕێوەبردنی خوێندنگەیەك”.
پێشتر كازم حەیدەری سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاندبوو، كازمی دەیەوێت فراكسیۆنێكی سیاسی دروستبكات و بە پشتیوانی هەندێك لایەنی سیاسی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بەشداریی بكات.