سزای سێدارەی سێ بەندكراو بە ناوەكانی سەعدوڵڵا فەرخی جەرمی، وەحید بەیزایی و ئەمیر عەلی بایرەمی كە پێشتر بە تۆمەتی كوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی حكوومەت لە ئورمیە جێبەجێ كرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ سزای سێدارەی سێ بەندكراوە بە ناوەكانی سەعدوڵڵا فەرخی جەزمی، وەحید بەیزایی و ئەمیر عەلی بایرەمی، بە تۆمەتی كوشتنی بەئەنقەست لە بەندیخانەی ناوەندیی حكوومەت لە ئورمی جێبەجێ كرا.
ئەو سێ بەندكراوە، چەند ساڵ پێش لە سێ دۆسیەدا بە تۆمەتی كوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر كراون و لەلایەن دەزگای دادوەریی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.
ئەو بەندكراوانە ڕۆژی یەكشەممە بە مەبەستی جێبەجێكردنی سزاكەیان، بۆ ژووری تاكەكەسیی بەندیخانەی حكوومەت لە ئورمیە گواسترابوونەتەوە.
تاكوو كاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو سێ بەندكراوە لە ڕاگەیاندنەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و بەتایبەت میدیاكانی سەر بە دەزگای دادوەریی كۆماری ئیسلامی بڵاو نەكراوەتەوە.